بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ نەتەوەیەکگرتووەکان: هەڵوێستی روون و خێراتان لەبارەی هێرشەکانی تورکیا هەبێت

19-08-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، تورکیا لەڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە سەنتەرێکی فێرکاریی کچانی لە گوندی شەمۆکەی نێوان تل تەمر و حەسەکە کە تەنها دوو کیلۆمەتر لە بنکەیەکی هێزەکانی هاوپەیمانانەوە دوورە کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە چوار منداڵ گیانیان لەدەستداوە و 11 کەسی دیکەش برینداربوون؛ داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکانیش دەکات بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ناوچەکانی هەڵوێستی هەبێت. 
 
رۆژی هەینی 19ـی ئابی 2022، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی و بەتایبەت ئەو هێرشەی کرایە سەر سەنتەرێکی نزیک لە بارەگای هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "دوای دیدارەکانی ئەمدواییەی ئەردۆغان لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان، هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ناوچەکانمان زیادیکردووە و زۆرێک لە هاووڵاتییانی سڤیل شەهید و برینداربوون، لەوانەش منداڵ و ئەوانەی دژی رێکخراوی داعش و شانبەشانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی شەڕیان دەکرد."
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەمڕۆ و لە هێرشێکی نوێی بەرنامە بۆ داڕێژراوی دژ بە گەلەکەمان و لەتەواوکاریی شەڕی قڕکردنیدا، دەوڵەتی تورکیای فاشیست هەستا بە بۆردوومانکردنی رێگەی نێوان تل تەمر و حەسەکە و بە دیاریکراوی سەنتەرێکی تایبەت بە فێرکردنی کچان کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە گوندی شمۆکە چاودێری دەکرێت کە کەمتر لە دوو کیلۆمەتر لە بارەگای هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە دوورە؛ بۆردوومانەکە لەڕێگەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانەوە بوو و بەهۆیەوە چوار منداڵ شەهیدبوون و 11ی کەسی دیکە برینداربوون کە هەموویان کچن."
 
لەدرێژەی راگێیندراوەکەیدا، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەڵێت، هێرشەکە هەموو بەها و پێوەرە رەوشتی و یاساییەکانی بەزاند و بە" تاوانی جەنگ و قڕکردنی بەرنامە بۆ داڕێژراو" ناوی دەهێنێت و هێرشەکە بە "لووتکەی تیرۆری بەرنامە بۆ داڕێژراو و رووی دیکەی داعش و هاوشێوەکانی" دەزانێت.
 
سەبارەت بە ئەنجامی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر رایدەگەیەنێت: "ئەم هێرشە مەترسیدارە دژ بە منداڵان و سەنتەرەکانی فێرکاری و هاووڵاتییانی سڤیل ئەنجامی باشی نابێت و سووریا بەرەو پشێویی زیاتر دەبات و دۆخێکی نوێی وێرانکاری بۆ سووریا و گەلەکەی دەهێنێت."
 
لە کۆتایی راگیێندراوەکەدا، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر هەڕەشەی ئەوە دەکات کە ئەو هێرشانەی تورکیا بۆسەر ناوچە و گوند و منداڵان بەبێ لێپرسینەوە و وەڵامدانەوە نابن و داوا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و رێکخراوە و لایەنە نێودەوڵەتییەکان، لەوانەش نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات هەڵوێستی خێرا و روونیان لەبارەی ئەو هێرشانە هەبێت. 
 
سەبارەت بە پاساوەکانی تورکیاش، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت: "تورکیا پاساوی بێ بنەمای هەیە کە دەرچەیەکن بۆ رەوایەتیدان بە هێرشەکانی بۆسەر ناوچەکانمان؛ بۆیە مەترسییەکانی ئەو هێرشانە رۆژ دوای رۆژ زیاد دەبن و ئەمەش ئەوە نیشاندەدات کە کۆی سووریا لەژێر مەترسی و هەڕەشەی تورکیادایە و ئەوەش دەبێت سوورییەکان بیزانن و پەند لە تورکیا و سیاسەتە کۆن و نوێیەکانی وەربگرن."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

12-11-2024 2

نێچیرڤان بارزانی: پیرۆزبایی لە حکومەت و گەلی ئازەربایجان دەکەم بۆ میوانداریکردنی لووتکەیەکی سەرکەوتوو

سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی سەرۆکی ئازەربایجان دەکات لە بەرامبەر بانگهێشتکردنی بۆ کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە کەشوهەوا ناسراو بە کۆپ 29، کۆنفرانسەکەش بە سەرکەوتوو و باش رێکخراو ناودەبات.