رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی تەندروستیی کۆیە بە رووداوی راگەیاند، رووداوێکی هاتووچۆ لەنێوان دووکان و کۆیە روویداوە، لە ئەنجامدا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و چواری دیکەش بریندار بوون.
رۆژی هەینی 19-07-2024 هاوکار عەلی، گوتەبێژی تەندروستیی کۆیە بە رووداوی راگەیاند، "لە نزیک گوندی کانی بی لەنێوان قەزاکانی دووکان و کۆیە، لە رووداوێکی هاتووچۆدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون."
گوتەبێژی تەندروستیی کۆیە رایگەیاند، "ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە خەڵکی شارەزوورن. یەکێکیان ناوی جەمیل جەبارە و لەدایکبووی 1977ـە؛ ئەوی دیکەش ناوی ئەنوەر حەمەیە و لەدایکبووی 1964ە."
هاوکار عەلی ئەوەشی بە رووداو گوت، بریندارەکان بۆ بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی فێرکاریی شەهید د. خالید رەوانە کراون و چارەسەر وەردەگرن.
تاوەکو ئەمڕۆ ئاماری رووداوەکانی هاتووچۆی ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان بڵاونەکراونەتەوە، بەڵام بەگوێرەی ئاماری پۆلیسی هاتووچۆ، لە 2022 لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 706 رووداوی هاتووچۆ روویاندا و لە ئەنجامدا 445 کەس گیانیان لەدەستداوە و حەوت هەزار و 250 کەسیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ