رووداو دیجیتاڵ
پلەی گەرما لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە و خێرایی باش لە بەشێکی سلێمانی زیادبووە. کەشناسی دەڵێت، سبەی وەک ئەمڕۆ گەرم دەبێت. کەشناسێکیش دەڵێت "لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی هاوین، کەشەکە فێنکتر دەبێت."
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 19-06-2024) کەشناسیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، پلەی گەرمای ئەمڕۆ و سبەی لە پلەی گەرمای دوێنێ نزیک دەبێتەوە.
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، پلەی گەرمای سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ پلەیەکی دیکە بەرزدەبێتەوە و لە هەندێک ناوچەی گەرمیان، دەگاتە 49 پلەی سیلیزی.
ئاراس جەبار دەڵێت، یەکەم رۆژی هاوینی ئەمساڵ دەکەوێتە 21 یان 22ـی مانگی حوزەیران و، لەگەڵ دەستپێکی هاویندا پلەی گەرما دادەبەزێت و ئەو کەشەش تاوەکو 27ـی حوزەیران بەردەوام دەبێت، دوای ئەوە پلەی گەرما بەرزدەبێتەوە.
لە دوێنێوە رەشەبا سلێمانی و دەوروبەری گرتووەتەوە. ئاراس جەبار دەڵێت "رەشەبا لە هەندێک کاتدا بەتایبەت شەوان دەگاتە 40 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا؛ لە سنووری سلێمانی، ئیدارەی راپەڕین و ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر خێرایی با تاوەکو رۆژی هەینی بەردەوام دەبێت".
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی پلەی گەرما لە باشووری کوردستان بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر؛ 44 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 42 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 43 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 46 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 44 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 44 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 41 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران؛ 32 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 48 پلەی سیلیزی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ