رووداو دیجیتاڵ
خاوەنی خواردنگەیەکی دهۆک دەڵێت، بەهۆی دەستنەکەوتنی شێف و کاپتنی خۆماڵی، بوونەتە دیلی دەستی شێفی بیانی. دەشڵێت، "ئەوان [شێفە بیانییەکان] هەر خواردنگەیەکیان مەبەست بێت، دەتوانن شکستی پێ بهێنن".
پۆدکاستی ئەم هەفتەیەی بە کاتی دهۆک، کە لەلایەن ناسر عەلی، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە دهۆک پێشکەش دەکرێت، تایبەت بوو بە دۆخی خواردنگە و رێستوڕانتەکانی دهۆک.
بەشیر حەمید خاوەنى خواردنگەیەکى پێنج ئەستێرەی دهۆک بوو لە بەرنامەکەدا گوتی، "شێفە بیانییەکان وەکو مافیایان لێ هاتووە، دەبنە گرووپ و داوای مووچەی خەیاڵی دەکەن، ئەگەر بۆیان زیاد نەکرا، بە کۆمەڵ وازدەهێنن و شکست بە خواردنگەکە دێنن و دەچنە کافێ و خواردنگەیەکى دیکە".
بە گوتەی بەشیر حەمید، تەنیا لە سێ مانگی رابردوودا، نزیکەی 10 خواردنگەی پێنج ئەستێرەیی و چوار ئەستێرەیی لەبەر نەبوونی شێف و کاپتن داخراون. دەشڵێت، "بەداخەوە پەیمانگەى گەشتوگوزار و کۆلێژەکانى گەشتوگوزار دەیان ساڵە نەیانتوانیوە شێف و کاپتنى شارەزا ئامادە بکەن بۆ ئەوەی نەبینە دیلی دەستی شێف و کاپتنى بیانى".
بەشیر حەمید ئاماژەی بەوەدا، ژمارەی شێف لە دهۆک زۆر کەمە و زۆربەشیان بیانین، مووچەکانیشیان سەرووی 3000 دۆلارە، جگە لەوە خواردن و شوێنی مانەوەیان لەسەر خاوەن خواردنگەیە.
پەیمانگەى گەشتوگوزار لە ساڵى 1991 لە دهۆک کرایەوە، لە دوای ساڵی 2014ش لە زانکۆی دهۆک، زانکۆى نەورۆز و زانکۆی پۆلیتەکنیکى دهۆک بەشى گەشتوگوزار کرایەوە، بەڵام زۆربەی دەرچووان لە بوارەکەی خۆیان کار ناکەن.
مامۆستا محەممەد حوسێن، مامۆستا لە ئامادەیی گەشتوگوزار دەڵێت، تاوەکو ئێستا نزیکەی 2000 قوتابی لە پەیمانگەکەیان دەرچوون، بەڵام تەنیا 200یان لە خواردنگە و هۆتێل و کافێکانى دهۆک کاردەکەن.
مامۆستا محەممەد پێیوایە هۆکار زۆرن کە دەرچووانی گەشتوگوزار لە بوارەکەی خۆیان کارناکەن و دەڵێت، "تاوەکو 2014 خوێندنی پەیمانگە پێنج ساڵ بوو، دواتر کرایە ئامادەیی و سێ ساڵ خوێندن، جگە لەوەش کارکردن لەو شوێنانە لە دهۆک نەبووەتە کولتوور، دایک و باوک هەیە پێی عەیبە منداڵەکەی لە کافتریا یان لە هۆتێل کار بکات".
ئەو مامۆستایە باسی لەوەشکرد، بەنیازن گۆڕانکاری لە سیستمی خوێندندا بکەن و دەڵێت، "ساڵێکە پارێزگارى دهۆک شوێنێکى تایبەتی بۆ ئێمە دەستنیشانکردووە، بەنیازین باڵەخانەیەکی گەورە بۆ هۆتێل و خواردنگە دروستبکەین، بۆ ئەوەی قوتابییەکانمان بەشێوەی پراکتیک وانەکانیان تێدا بخوێنن".
عەبدولڕەزاق نهێلى، کە پسپۆڕی زانستى گەشتیارییە، یەکێک بوو لە بەشداربووانی پۆدکاستی بە کاتی دهۆک، گوتی، "بەداخەوە هێشتا لە ئامادەیى گەشتوگوزارى دهۆک هیچ وانەیەکی پراکتیکى نییە، لەسەر تەختەڕەش دەخوێنن، بۆیە حاڵى دهۆک وایە".
عەبدولڕەزاق نهێلى پێیوایە دۆخی خواردنگەکانی دهۆک لەگەڵ هاتنى ئەم ژمارە زۆرەی گەشتیاران یەکناگرێتەوە و دەڵێت، "دەبێت لایەنى پەیوەندیدار ئەوانەى لە کەرتى گەشتوگوزارن پلانێک دابنێن بۆ ئەوەی دهۆک لەم کێشەیە رزگار بکەن، چونکە بە راستی جێگاى داخە هێشتا 75%ی کارمەندەکانى کافێ و رێستورانتەکانى دهۆک نازانن پێشوازى لە گەشتیاران بکەن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ