رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە سێ رۆژی رابردووی جەژنی قورباندا زیاتر لە دوو هەزار و 300 سەر ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان بۆ قوربانی سەربڕدراون کە زۆرترینیان لە سلێمانی بوون، پاشان هەولێر، ئینجا هەڵەبجە و دهۆک.
قوربانیکردن لە دوای نوێژی جەژنی قوربانەوە دەستپێدەکات تاوەکو پێش خوارئاوابوونی چوارەم رۆژ. هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری سەربڕخانەی هاوچەرخی هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە 19-06-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە سێ رۆژی جەژندا 828 سەر ئاژەڵ بۆ قوربانی سەربڕدراون".
ئەو ئاژەڵانەی لە هەولێر کراون بە قوربانی زۆرینەیان ئاژەڵی بچووک بوون کە 678 سەر بوون و 150 سەر گوێرەکە، گا و مانگاش سەربڕدراون.
شاڵاو عارف، بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانیش ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە سێ رۆژی جەژندا 864 ئاژەڵی بچووک و 132 ئاژەڵی گەورە لە سەربڕخانەکەیان بۆ قوربانی سەربڕدراون.
شاڵاو عارف گوتی: "لە کوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی، ئاژەڵەکان بەگوێرەی پلانی ستافی پزیشکی بۆ رووبەڕوبونەوەی نەخۆشییە گوێزراوەکان و بەرهەمهێنانی گۆشتی تەندروست سەردەبڕدرێن. لەو سێ رۆژەدا 27 ئاژەڵ رەتکراونەتەوە کە گۆشتەکەیان بۆ خواردن شیاو نەبووە".
لەبارەی قوربانیکردن لە هەڵەبجە، دڵنیا فارووق، بەڕێوەبەری سەربڕخانەی هەڵەبجە ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە سێ رۆژی رابردوودا 489 ئاژەڵ بۆ قوربانی سەربڕدراون کە 357 ئاژەڵی بچووک و 132 سەر ئاژەڵی گەورە بوون.
ساڵانە لە دهۆک ئاژەڵی کەم دەبرێتە سەربڕخانەکان بۆ سەربڕین. بە گوتەی رەشید حەکیم، بەڕێوەبەری سەربڕخانەی دهۆک بۆ رووداو، لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا تەنیا 20 سەر ئاژەڵ براونەتە سەربڕخانەکەیان.
ئەو ئامارە تەنیا ئەو ئاژەڵانەیە براونەتە سەربڕخانەکان بۆ قوربانی؛ لە دەرەوەی سەربڕخانەکان و لە گوندەکان زیاتر لەو ژمارەیە کراون بە قوربانی کە تۆمار کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ