کوردستان
یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنیی راسپێردراو بە سەرپەرشتیکردن و چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لە 18ـی حوزیرانی 2023
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى باڵای سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق کۆدەبێتەوە و یەکێک لەو پرسانەى تاوتوێى دەکات، هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانە. سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانى کۆمیسیۆنەکە دەڵێت، "پێش کۆتایی مانگى حوزەیران، بڕیار لەو بارەوە دەدرێت".
19ـی حوزەیرانى 2023، عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، رۆژی سێشەممە 20ـی حوزەیران ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان کۆدەبێتەوە و یەکێک لەو پرسانەى تاوتوێ دەکرێت، هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانە.
سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، چەند پێشنیازێک لەبارەى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان هەن کە لەلایەن ئەنجوومەنى کۆمسیارانەوە تاوتوێ دەکرێن.
یەکێک لە بەربەستەکانى بەردەم کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ئەوەیە؛ لە کۆتایی مانگى کانوونى یەکەمەوە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق دەکات، کۆمیسیۆنەکە ناتوانێت هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانیش لە هەمان کاتدا بکات.
عیماد جەمیل گوتیشى، "دەبێت پێش کۆتایی مانگى حوزەیران، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دوا بڕیار لە بارەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانەوە بدات".
30ـی ئایارى 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بڕیاریدا بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 12ـی درێژکردنەوەى خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان کە لە 9ـی تشرینى یەکەمى 2022 دەرکرا و رایگەیاند، تەمەنى پەرلەمانى کوردستان لەگەڵ کۆتاییهاتنى خولى پێنجەم کۆتاییهاتووە و هەر بڕیارێک لە دواى کۆتاییهاتنى ئەو ماوەیەوە دەرکرابێت، لەڕووى دەستوورییەوە پووچەڵە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ