رووداو هەولێر
دوێنێ شەممە زیندانییەکی چاکسازیی گەورانی سلێمانی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا؛ لێپرسراوی هێزی چاکسازی لە چاکسازیی گەورانی سلێمانی دەڵێت، بەهۆی سکچوون و رشانەوەوە گیانی لەدەستداوە. زیندانییەکیش دەڵێت، لە چوار رۆژی رابردوودا سێ زیندانی گیانیان لەدەستداوە.
رۆژی یەکشەممە 19ی حوزەیرانی 2022 یادگار ئیبراهیم، لێپرسراوی هێزی چاکسازیی گەورانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "زیندانییەکە چوار رۆژ بوو بەهۆی تووشبوون بە سکچوون و رشانەوە لە نەخۆشخانە خەوێندرابوو؛ ئێوارەی دوێنێ کاژێر 06:00 بەهۆی سستبوونی گورچیلەکانییەوە لە نەخۆشخانەی شۆڕش گیانی لەدەستدا."
زیندانییەکە خەڵکی کەلەکچی بووە و بە ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی 15 ساڵ سزای زیندانیکردنی هەبووە.
هەر رۆژی یەکشەممە 19ی حوزەیرانی 2022 زیندانییەک لە چاکسازیی گەورانی سلێمانییەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە ماوەی چوار رۆژی رابردوودا سێ کەس بەهۆی سکچوون و رشانەوەوە گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە لەنێو هۆڵەکان زیندانییەکی زۆر هەیە و تێکەڵبوونی زۆر هەیە."
ئەو زیندانییە ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمە 17 کەسین و لەنێو دوو هۆڵداین، بەڵام زیندانییەکانی دیکە تێکەڵاوییان زۆرە و لە هۆڵێک کە دەبێت 12 کەسی تێدابێت، 18 بۆ 19 کەسی تێدایە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەو زینداییە باسی لەوە کرد، "ئەو کەسانەی لە چوار رۆژی رابردوودا بە سکچوون و رشانەوە گیانیان لەدەستداوە ناویان (مەلا ریاز، تەڵاڵ و فەخرەدین) بووە." گوتیشی، "دۆخی نێو زیندان زۆر خراپە و دەمانەوێت پشکنین بکەین، بەڵام دوای هەفتەیەک وەڵاممان دەدەنەوە و ئینجا پشکنینمان بۆ دەکرێت."
زیندانییەکە نەیوسیت ناوی ئاشکرا بکرێت و ئەوەی خستەڕوو، ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە تەمەنیان لەنێوان 35 بۆ 40 ساڵدایە و بە تاوانەکانی "کوشتن و ماددە هۆشبەرەکان" زیندانی کرابوون.
بەڵام یادگار ئیبراهیم رەتیکردەوە کەسێک بەناوی فەخرەدین گیانی لەدەستدابێت و ئاماژەی بەوە کرد، "ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە دوو کەسن بە ناوەکانی تەلال کە دوێنێ گیانی لەدەستدا، هەروەها ریاز 12ی ئەم مانگە گیانی لەدەستدا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ