رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک جووتیاری گەرمیان بەدیار گەنمەکانیانەوە دەڵێن، دروێنەیان کردووە و تاوەکو ئێستا سایلۆ نەکراوەتەوە گەنمەکەیان رادەست بکەن.
ئەمڕۆ (شەممە، 19ـی ئایاری 2024) ژمارەیەک جووتیاری گەرمیان لای گەنمە دروێنەکراوەکانیان گردبوونەوە، داوایانکرد سایلۆکان بکرێتەوە و گەنمەکانیان لێ وەربگیرێت.
جووتیارێک بە رووداوی گوت: "گەنممان دروێنە کردووە و ئەگەری بارانیش هەیە، ساڵی رابردوو کاتی دروێنە بارانباری و نزیکەی 20 تۆن گەنممان خراپبوو، نامانەوێت ئەمساڵ دووبارە بێتەوە".
هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لە گەرمیان و بەشێکی ناوچەکانی دیکە لەنێویاندا لە سنووری ئاکرێ دروێنە دەستیپێکردووە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ سایلۆکان نەکراونەتەوە".
وەرگرتنی گەنمی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆی وەزارەتەکانی بازرگانی و کشتوکاڵی عێراقدایە. هیوا عەلی گوتی "لە نزیکترین کاتدا شاندی وەزارەتەکەمان دەچێتە بەغدا، پرسی وەرگرتنی گەنم و کردنەوەی سایلۆکان یەکلا دەکاتەوە".
بەپێی ئاماری کشتوکاڵی گەرمیان ئەمساڵ شەش هەزار و 215 جووتیار لەسەر رووبەری 319 هەزار و 717 دۆنم زەویی دێمی و بەراو گەنمیان چاندووە.
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سبەی، ناسەقامگیریی کەشوهەوا هەرێمی کورستان دەگرێتەوە و " رۆژانە تاوەکو چوارشەممە لە نیوەڕۆ بۆ ئێوارەکان، ئەگەری تاوەباران و برووسکە لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان هەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ