رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی دەڵێت، بەهۆی گرانیی نرخی کارەباوە ناتوانن ساردکەرەوەکان کارپێبکەن، بەو هۆیەشەوە رۆژانە سێ بۆ چوار تۆن سەوزە و میوەیان خراپ دەبێت و فڕێی دەدەن.
کارەبای عەلوەی سلێمانی بە نرخی بازرگانی هەژمار کراوە و بۆ کیلۆواتێک دەبێت 156 دینار بدەن. سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی ئایار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو نرخە زۆرە و داوامان کردووە بۆمان بکرێتە نرخی کارەبای کشتوکاڵی."
کارەبای کشتوکاڵی هەرزانترە و کیلۆواتێک بە 33 دینارە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، عەلوەکانی هەرێمی کوردستان بە نووسراو داوایان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کردووە، نرخی کارەبایان بۆ بکرێت بە کارەبای کشتوکاڵی. وەزارەتەکەش بە کاسبکارانی گوتووە، "داواکەیان گەیێندراوەتە ئەنجوومەنی وەزیران."
سەروەر عەلی گوتی، هەندێک بەرهەم هەن بەردەوام پێویستیان بە ساردکەرەوەیە و لە نەبوونیدا زوو خراپ دەبن و دەبێت فڕێ بدرێن، بۆ نموونە مۆز و شلیک. گوتیشی، "بەرهەمی خۆماڵیش کە لەمەودا لە وەرزی گەرمادا پێدەگات، ساردکەرەوە نەبێت زوو خراپ دەبێت."
لە عەلوەی سلێمانی هەموو دووکانەکان ناچار کراون ساردکەرەوەیان هەبێت. سەروەر عەلی ئاماژەی بەوە کرد، هەبوونی ساردکەرەوە جگە لەوەی بەرهەمی سەوزە و میوە لە خراپ بوون دەپارێزێت، لەڕووی تەندروستیشەوە رێگە نادات زیان بە بەرهەمەکان بکەوێت.
بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی داوای کرد، بەر لە هاتنی گەرما زوو داواکەیان جێبەجێ بکرێت، بۆئەوەی بەرهەمی جووتیارانی نێوخۆ لە وەرزی هاویندا وەکو پێویست ساخبکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ