لە کرماشان دەست بەسەر 57 هەزار لیتر سووتەمەنیی قاچاخدا گیرا

19-04-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە دەروازەی سنووریی پەروێزخانی ناحیەی قەسری شیرینی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەست بەسەر بڕێکی زۆر سووتەمەنیدا گیرا، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگاکە دەڵێت، بەهای سووتەمەنییە قاچاخەکە دەگاتە زیاتر لە  20 هەزار دۆلار.
 
ئەمڕۆ هەینی، 19-04-2024، مەهدی حاجیان، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە دەروازەی سنووریی پەروێزخانی سەر بە ناحیەی قەسری شیرینی پارێزگاکە، دەست بەسەر 57 هەزار و 500 لیتر سووتەمەنیی قاچاخدا گیراوە.
 
مەهدی حاجیان گوتی، لە کاتی پشکنیندا، تیمەکانی پۆلیس چوار ئۆتۆمبێل و ماتۆرسکیلێکیان دەستنیشان کردووە، کە بۆ کاری بەقاچاخبردنی سووتەمەنی بەکارهاتوون.
 
فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای کرماشان گوتی، بەهای ئەو سووتەمەنییەی کە دەستی بەسەردا گیراوە، یەک ملیار و 322 ملیۆن تمەن (زیاتر لە 20 هەزار دۆلار) بووە.
 
ناحیەی قەسری شیرین دەکەوێتە رۆژئاوای پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە لەگەڵ قەزای کەلاری سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە هەرێمی کوردستان هاوسنوورە و دەروازەی پەروێزخانیش لەم سنوورە هەڵکەوتووە، کە ساڵی 2007 بە فەرمی کراوەتەوە.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە