لە شەقڵاوە سێ منداڵی یەک خێزان تووشی "نەخۆشییەکی دەگمەن و بۆماوەیی بوون"

19-01-2025
عەدنان رەشید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سێ منداڵی یەک خێزان لە سنووری شەقڵاوە ئیفلیجن و لە دۆخێکی سەخت دا دەژین. باوکی منداڵەکان تەواوی موڵکەکانی بۆ چارەسەریی منداڵە نەخۆشەکانی فرۆشتووە و چیدیکە توانای نەماوە.
 
هەر سێ منداڵ هاوشێوەی 13 هەزار نیڤشکان لە هەرێمی کوردستان مووچەیان نییە. وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت، لەگەڵ حکومەتی بەغدا بۆ هاوتاکردنی مووچەی نیڤشکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
 
نۆها تەمەنی 16 ساڵە، مستەفا تەمەنی 15 ساڵ و ئەنەس تەمەنی 11 ساڵە، رۆژانە لەلایەن دایک و باوکیانەوە خزمەت دەکرێن. هەرسێکیان ناتوانن قسە بکەن، ناتوانن جووڵە بکەن و ناتوانن دانیشن.
 
مەهدی ناسر، باوکی منداڵەکان دەڵێت، بۆ چارەسەری، منداڵەکانی بردە سعودیە، ئێران و تورکیا، خەرجییەکی زۆری کرد و سوودی نەبوو: "ئێستاش پزیشک دەڵێت، 'دەبێ ببرێنە سەنتەری راهێنانی سرووشتی'، بەڵام بۆ هەریەکەیان مانگانە سەرووی یەک ملیۆن دیناری پێویستە و ئەمەش لە توانای مندا نییە."
 

 
وەک باوکی منداڵەکان باسی دەکات، سێ منداڵەکەی لە پشکنینی پێشوەختە و دوای لەدایکبوونیان هیچ نەخۆشییەکیان نەبووە. نوها لە تەمەنی 9 مانگییەوە نەخۆشییەکەی لێدەرکەوتووە. مستەفا کاتێ لەدایکبووە پزیشک بە باوکی گوتووە "هیچ کێشەی نییە"، بەڵام دوای تێپەڕبوونی نزیکەی ساڵێک نەخۆشییەکەی لێ دەرکەوتووە. ئەنەسیش دوای تێپەڕبوونی 11 مانگ بەسەر لەدایکبوونی، نەخۆشییەکەی لێ دەرکەوتووە.
 
تاکە هاوڕێی نۆها و براکانی خوشکە بچووکەکەیانە کە کێشەی تەندروستی نییە و بەس ئەویشە لە دۆخیان تێدەگات.
 

 
ئەو خێزانە لە گەڕەکی قەراتەسۆر لە سنووری هەریر نیشتەجێن، چاوەڕێن خێرخوازان باری سەختی ژیانیان کەمبکەنەوە. هەر سێ منداڵەکە دوای تەمەنی 10 ساڵی ماسوولکەکانیان لاوازبوون و توانای جووڵەیان لەدەستداوە و کەلەی سەریان بەرەو دواوە خواربووە. بە گوتەی پزیشکێکی پسپۆڕی ئێسک و شکان، نەخۆشیی هەر سێ منداڵەکە، "دەگمەن و بۆماوەییە".
 
دکتۆر سەرکەوت کاکەیی لە بەرپرسیار گوتی: "نەخۆشییەکەیان ئیفلیجی دەماخ نییە، بەڵکو نەخۆشیی ئەو سێ منداڵە بۆماوەییە و جۆرەکەی نەزانراوە و دەگمەنە. پێویستیان بە سەنتەرێکی زۆر پێشکەوتوو هەیە بۆ ئەوەی نەخۆشییەکەیان دەستنیشان بکرێ. نەخۆشییەکە بە هێواشی لە ماسوولکەکانیان دەدات تاوەکو دەگاتە ماسوولکەی هەناسەیان."
 

 
بەپێی ئاماری رێکخراوی باوەش بۆ خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان، لە سنووری شەقڵاوە و دەورووبەر، هەزار و 143 خاوەن نیڤشکان هەن و زۆربەیان مووچەیان نییە.
 
سامان عەوڵا حەمەد، سەرۆکی رێکخراوەکە لە بەرپرسیار گوتی: "دۆخی منداڵەکانی مەهدی زۆر خراپە، ئەم دۆخەش هاوشێوەی دۆخی 178 نەخۆشیی دیکەی ئیفلیجی مێشکە لە سنووری شەقڵاوە. لە  هەموو دەرگەیەک دەدەین بۆ هاوکاریکردنی ئەو خێزانانە."
 
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 103 هەزار نیڤشکان هەن، لە کۆتایی 2012 تاوەکو ئێستا، ناوی کەس تۆمارنەکراوە و زیاتر لە 30 هەزاریان چاوەڕێ مووچەی تایبەت بە خاوەن پێداویستی تایبەت دەکەن.
 
ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "بەپێی بەدواداچوونەکانی ئێمە و پێش سەری ساڵیش، شاندێکمان چوونە بەغدا، لە بەغدا ئەو گۆڕانکارییانە روویان نەدا کە ئێمە داوامان دەکرد، یەکێک لەوانە هاوتاکردنی مووچەیە. بۆ بابەتی ناوی نوێش، وەزیری کاری عێراقی دەستەوەسان بوو، چونکە گوتی وەزارەتی دارایی دەڵێت، بەپێی بودجەی 2024 ناتوانم نە دینارێک زیاد، نە دینارێک کەم بدەم."
 
لە 2013ـەوە هەر ناوێک بەمەبەستی بەستنی مووچەی نیڤشکان ناونووس کرابێ، مووچەی بۆ نەبەستراوە. هەوراز عەبدولقادر، بەڕێوەبەری تۆڕەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە رووداوی گوت: "ئەو ناوانەی لە لیژنەی پزیشکی دەرچوون لە دوای 2013ـەوە تاوەکو پار، بە هەموو هاوپێچەکان بەرزمان کردوونەتەوە، بابەتی بەستنی مووچە پەیوەندی بە وەزارەتی دارایەوە هەیە. ناوەکان نێردراون بۆ حکومەتی عێراق، لەسەر هێڵین، خودی جەنابی وەزیریش لەسەر ئەم بابەتە لەسەر هێڵە. هەموو هەوڵێک دەدەین ئەو 13 هەزار ناوەی نێردراون بۆ بەغدا و ئەو ناوانەی دوای ئەو ژمارەیە ناونووس کراون، مووچەیان بۆ ببەسترێت."
 
لە 25-02-2019 بە نووسراوی ژمارە 2598 کە واژۆی دکتۆر رێکەوت حەمە رەشید، وەزیری ئەوکاتی تەندروستیی هەرێمی کوردستانی لەسەرە و ئاراستەی سەرۆکایەتیی دیوان/ب. گشتیی و کارگێڕیی و دارایی کراوە، بڕیاردراوە بە ناردنە دەرەوەی هەر سێ منداڵەکە بەمەبەستی چارەسەری و تێیدا هاتووە "پێویستییان بە چارەسەری هەیە لە دەرەوەی وڵات و خێزانەکە کەمدەرامەتن".
 
لەسەر هۆکاری نەناردنی منداڵەکان بۆ دەرەوەی وڵات بەمەبەستی چارەسەری، هەوراز عەبدولقادر گوتی: "ئەو لیژنەیەی کە پێکهێندراوە و بڕیارەکەی داوە، راستەوخۆ سەر بە نووسینگەی وەزیری تەندروستییە و دەبێ ئەو وەڵامە وەزارەتی تەندروستی بیداتەوە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی سەندیکای رۆژنامەنووسانی یەکێتیی ئەورووپا.

سەندیکای رۆژنامەنووسانی یەکێتیی ئەورووپا: 70 - 80 رۆژنامەڤان دەبەینە هەرێمی کوردستان

سەندیکای رۆژنامەڤانانی یەکێتیی ئەورووپا، لە راپۆرتتێکدا باس لە وردەکاریی سەردانی شاندێکی باڵایان بۆ هەرێمی کوردستان دەکات و لە پێگەی فەرمی سەندیکاکەیان راپۆرتێکیان لەبارەی سەردانەکە بڵاوکردووەتەوە. ئەندامێکی سەندیکاکە بە رووداوی راگەیاند، لە داهاتوودا بەنیازن بە دەیان رۆژنامەڤانی ئەورووپی بێننە هەرێمی کوردستان و لەنزیکەوە دۆخی رۆژنامەڤانان ببینن.