رووداو دیجیتاڵ
بکوژی چوار هاووڵاتیی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستگیرکرا. بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاکە دەڵێت، تۆمەتبار دانی بە تاوانەکەی ناوە و لەکاتی دەستگیرکردنی دەست بەسەر دەمانچەیەکدا گیرا.
مەهدی حاجیان، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای کرماشان بە ئاژانسی هەواڵیی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسدارانی راگەیاند، ''بکوژ''ـی ئەو چوار هاووڵاتییەی کە رۆژی یەکشەممە 14-01-2024، لە یەکێک لە گوندەکانی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کادێنێکدا بە گولـلە کوژرابوون، دەستگیرکرا.
بەگوتەی مەهدی حاجیان، دوای لێکۆڵینەوەی سەرەتایی دەرکەوتووە کە بکوژ دوای ''تاوان''ـەکە بە ئۆتۆمبێلێکی تایبەت شوێنی رووداوەکەی جێهێشتووە. گوتیشی، دوای بەدواداچوونێکی زۆر، لەکاتێکدا بکوژ دەیویست خۆی رادەستی پۆلیس بکات، دەستگیریان کرد.
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای کرماشان ئاماژەی بەوە کرد، تۆمەتبار لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانی بە تاوانەکەی ناوە و هۆکاری کوشتنی ئەو چوار کەسەش بۆ کێشەی کەسیی نێوانیان گەڕاندووەتەوە.
وەک مەهدی حاجیان گوتی، لە کاتی دەستگیرکردنی بکوژدا، دەست بەسەر دەمانچەیەکیشدا گیراوە، بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ