رووداو دیجیتاڵ
پێکدادانی شەمەندەفەر و ئۆتۆمبێلێک لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان گیانلەدەستدانی دوو کەسی لێکەوتەوە، بەرپرسی فریاکەوتنی خێرای زانکۆی پزیشکیی کرماشانیش دەڵێت، هەردوو قوربانییەکە لە ئۆتۆمبێلەکەدا بوون.
کاژێر 15:37ـی دوانیوەڕۆی پێنجشەممە، 18-01-2024 لە رێگەی نێوان کرماشان-سەحنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە نزیک شارۆچکەی بێستوونی سەر بە شاری هەرسین، بەهۆی پێکدادانی نێوان شەمەندەفەر و ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری سەمەند، دوو کەس گیانیان لەدەستداوە، کە هەردووکیان لە نێو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون.
بەگوتەی مەسعوود قەلعە سفیدی، بەرپرسی فریاکەوتنی خێرای زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کرماشان، لە ئەنجامی رووداوەکەدا یەکێک لە سەرنشینەکانی ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە و ئەوەی دیکەش گەیێندراوەتە نەخۆشخانە، بەڵام سەرەڕای فریاگوزاریی سەرەتایی، بەهۆی قووڵی برینەکانییەوە گیانی لەدەستداوە.
هاوکات محەممەد باقری، بەڕێوەبەری مانگی سووری پارێزگای کرماشان هۆکاری رووداوەکەی بۆ بەزاندنی هێڵی ئاسنینی شەمەندەفەرەکە لەلایەن ئۆتۆمبێلە تایبەتەکەوە گەڕاندەوە کە ''لە نزیک پترۆکیمیای ناحیەی بێستوون بەبێ لەبەرچاوگرتنی رێکارەکان، هەوڵی پەڕینەوەی لە هێڵی ئاسنین داوە و تووشی پێکدادان بووە''.
ناحیەی بێستوون سەر بە شاری هەرسینە کە دەکەوێتە 44 کیلۆمەتریی باشووری رۆژهەڵاتی کرماشان.
ساڵانە ژمارەیەکی زۆری خەڵک بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گیانیان لەدەستدەدەن.
کەمال هادیانفەر، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هاتووچۆی ئێران، رۆژی 26-11-2023، لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاندبوو، ''لە سەرەتای نەورۆزی 2023ـوە تائێستا زیاتر لە 12 هەزار کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و 300 هەزار کەسیش بریندار بوون، کە ژمارەی قوربانیان بەراورد بە [ساڵی 2022] 7.3٪ زیادی کردووە''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ