لە زوممار بەڕێوەبەری بنکەیەکی دەنگدان لەدوای دوو کاژێر دەستگیرکردنی، ئازادکرا

18-12-2023
پەیمان محەممەد
بنکەیەکی دەنگدان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
بنکەیەکی دەنگدان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری بنکەی 3ـی دەنگدان لە ناحیەی زوممار، کە پێشتر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرابوو، ئازادکرا و گەڕایەوە بنکەکەی. بەڕێوەبەری ناحیەکە دەڵێت، بۆ نزیکەی دوو کاژێر راگیرا و گرفتەکە چارەسەرکرا.
 
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 18-12-2023، لەکاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، هێزێکی چەکدار بەڕێوەبەری بنکەیەکی دەنگدانیان بە ناوی باسڵ عوسمان لە گوندی کارێزی سەر بە ناحیەی زوممار لە پارێزگای نەینەوا دەستگیرکرد.
 
باسڵ عوسمان بەهۆی ئەوەی سکاڵای پێشێلکاری لەسەر تۆمارکراوە، بۆ ماوەی دوو کاژێر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە راگیراوە لەو ماوەیەشدا پڕۆسەی دەنگدان لە بنکەکە بەردەوام بووە.
 
ئەحمەد جەعفەر، بەڕێوبەری ناحیەی زوممار لەوبارەوە بە هونەر رەشید، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: ''باسڵ عوسمان بە فەرمانی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان دەستگیرکرا، دواتر یەکسەر پەیوەندیمان بە کۆمیسیۆنەوە کرد و بە دەستوەردانی لایەنە پەیوەندیدارەکان بابەتەکە چارەسەر کرا.''
 
وەک بەڕێوبەری ناحیەی زوممار دەڵێت، بەرپرسی بنکەکە دوای ئازادبوونی، گەڕاوەتەوە بنکەی دەنگدان و لە کارەکەی دوورنەخراوەتەوە.
 
پێشتر لیوا عەبدوڵخالق تەڵعەت، نوێنەری هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق لەبارەی چۆنیێتیی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن بە رووداوی گوت، هەرچی تایبەتە بە ناوچە کێشە لەسەرەکان و سنووری مادەی 140، تائێستا لە بازگەکان خەڵک بە ئازادانە هاتووچۆ دەکەن و هیچ رێگرییەک لە هاووڵاتییان ناکرێت، ''تەنیا یەک یان دوو پێشلکاری لەسەر چاودێرەکانمان لە زوممار و بەرتلەی سەر بە پارێزگای نەینەوا کراوە کە سەرقاڵین بزانین هۆکارەکەی چی بووە.''
 
وەک عەبدولخالق تەڵعەت دەڵێت، ئەوانەی دوورخراونەتەوە یان دەستگیرکراون چاودێری لایەنە سیاسییەکان بوونە، گوتیشی، ''ئەو دوو چاودێرەی (بریکار) لە زوممار و بەرتلە دوورخراونەتەوە تایبەتن بە پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرقاڵی لێکۆڵینەوەین بۆ زانینی هۆکاری دوورخستنەوەیان و چارەسەرکردنی کێشەکە.''
 
یەکەمجارە لەدواى ساڵى 2013، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە 14 پارێزگاى عێراق بکرێت، یەکەمجاریشە لە دواى ساڵى 2005 هەمان هەڵبژاردن لە کەرکووک دەکرێت.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رێکخراوەکە دەڵێت، رێگرییەکان بە پلەی یەکەم لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بوون

پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان: رێگری لە رووماڵی بەشێک لە دەزگا میدیاییەکان دەکرێت و زانیاریشیان پێنادرێت

ئەمڕۆ کە هاوکاتە لەگەڵ 'رۆژی جیهانیی ئازادیی رۆژنامەگەری،' رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە چوار مانگی رابردووی ئەم ساڵدا پێشێلکاری بەرامبەر 31 رۆژنامەڤان و 14 دەزگای میدیایی لە هەرێمی کوردستان کراوە. سەرۆکی رێکخراوەکە دەڵێت، رێگری لە رووماڵی بەشێک لە دەزگا میدیاییەکان دەکرێت و زانیاریشیان پێنادرێت