رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی عێراق دەڵێت، هەندێک کێشەی تەکنیکی لە پڕۆسەی دەنگداندا بینراوە و کە کاریگەرییان لەسەر ئەنجامەکان دەبێت، گوتیشی، ''لە کەرکووک دەبێ لەپێناو کۆتاییهێنان بە نادادپەروەری و جیاکاری بچینە سەر سندووقەکانی دەنگدان''.
ئەمڕۆ دووشەممە 18-12-2023، لە کاژێر 07:00ـی بەیانییەوە ناوەندەکانی دەنگدان بەڕووی هەڵبژاردنى گشتیی ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق کراونەتەوە و پڕۆسەکە تاوەکو کاژێر 18:00 بەردەوام دەبێت کە تێیدا زیاتر لە 15 ملیۆن کەس مافى دەنگدانیان هەیە بۆ دیاریکردنى 285 ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لەنێو نزیکەى شەش هەزار بەربژێردا.
خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق بە هەردی محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی لە کەرکووک گوت، ''تائێستا پڕۆسەی دەنگدان بە ئاسایی بەڕێوەدەچێت، بەڵام کۆمەڵێک کێشەی تەکنیکی هەن، بەتایبەتی ئەوانەی کە پەنجەمۆریان ناخوێندرێتەوە کە چارەسەرێکیان بۆ نەدۆزراوەتەوە و ژمارەیان زۆرە، ئەمەش کاریگەری لەسەر ئەنجامەکان دروست دەکات".
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە لە 15 کورسی و کورسییەکی کۆتای کریستیان پێکهاتووە، کورد تێیدا بە پێنج لیست بەشداری هەڵبژاردن دەکات؛ خالید شوانی جەختی لەوە کردەوە، ''دەبێ بە رێژەیەکی زیاتر بەشداری هەڵبژاردن بین، چونکە تەنیا بە دەنگدان دەکرێ ئەنجامی پڕۆسەکە بە ئاراستەی خزمەتکردنی هێزە کوردستانییەکان بگۆڕین''.
وەزیری دادی عێراق رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بە رۆژێکی ''تایبەت و مێژوویی'' بۆ کەرکووک ناوبرد و گوتی، ''ئەمڕۆ چوار ساڵی داهاتووی کەرکووک دیاری دەکرێت، بۆیە لێرەوە داوا لە هەموو هاووڵاتیانی کەرکووک دەکەم بەتایبەتی کوردستانییان، بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و لەپێناو کۆتاییهێنان بەو دەسەڵاتە نادادپەروەر، جیاکار و دژی کوردە دەنگ بدەن".
یەکەمجارە لەدواى ساڵى 2013، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە 14 پارێزگاى عێراق بکرێت، یەکەمجاریشە لە دواى ساڵى 2005 هەمان هەڵبژاردن لە کەرکووک دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ