رووداو دیجیتاڵ
لە ساڵیادی کۆچی دوایی پارێزگاری پێشووی هەولێردا خەڵاتی دەستپاکی بەخشرایە فەرمانبەرێکی بنکەی تەندروستیی سماقووڵی کە 20 ملیۆن دیناری زیادەی بە هەڵە پێدرابوو، بەڵام گەڕاندبوویەوە بۆ بانکی کۆیە.
رۆژی شەممە 18-11-2023، رێوڕەسمی سێیەمین ساڵیادی کۆچی دوایی د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری پێشووی هەولێر بەڕێوەچوو. لە رێوڕەسمەکەدا ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، ''د. فرسەت سۆفی وەکو کەسێکی هێمای دەستپاکی، لە هەر شوێنێک بووبێت دژی ستەم، نادادپەروەری و پیسخۆری وەستاوەتەوە کە ئازایانە ناسنامەی دەستپاکی وەرگرتووە".
ئومێد خۆشناو گوتی، بڕیاردراوە لە ساڵیادی کۆچی دوایی د. فرسەتدا وەک هێمای دەستپاکی، خەڵاتێک بەناوی ''خەڵاتی د. فرسەت سۆفی بۆ دەستپاکی و دادپەروەری'' پێشکێش بە یەکێک لەو کەسانە بکرێت کە لە ماوەی ئەو ساڵەدا لە سنووری پارێزگای هەولێر کارێکی بەرچاوی کردووە و بووەتە جێگەی سەرنجی هاونیشتمانیان.
د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری کۆچکردووی هەولێر دوای نزیکەی مانگێک لە تووشبوونی بە کۆرۆنا، رۆژی 18-11-2020 لە نەخۆشخانەیەکی تورکیا گیانی لەدەستدا و بەیانیی رۆژی 19-11-2020 بە فڕۆکەیەک لە ئەنقەرەوە گەڕێندرایەوە هەولێر و لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد بەخاکسپێردرا.
ساڵی یەکەم، خەڵاتی د. فرسەت سۆفی بۆ دەستپاکی و دادپەروەری بەخشرایە ئیبراهیم حوسێن حموش؛ ئەو عەریزەنووسەی بەردەم سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر کە نزیکەی 30 هەزار دۆلاری دۆزیبووەوە و گەڕاندبوویەوە بۆ خاوەنەکەی. ساڵی دووەمیش خەڵاتەکە بەخشرایە نەجات نادر سادق، کارمەندى بەڕێوەبەرایەتیی ژینگەى هەولێر کە بڕى 13 ملیۆن دینارى گەڕاندبووەوە بۆ خێزانێک.
ئەم ساڵیش لە رێوڕەسمی ساڵیادی کۆچی دوایی پارێزگاری پێشووی هەولێردا خەڵاتەکە بەخشرایە عەلی حوسێن تەها، فەرمانبەری بنکەی تەندروستیی سماقووڵی کە لە 25-09-2023دا بڕی 20 ملیۆن دیناری گەڕاندەوە بانکی کۆیە کە بە هەڵە و زیادە پێی درابوو.
عەلی حوسێن 25 ساڵە فەرمانبەرێکی بنکەی تەندروستیی سماقووڵییە کە ماوەی 18 ساڵە ئەرکی وەرگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی لە بانکی کۆیە بەوەکالەت پێ سپێردراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ