رووداو دیجیتاڵ
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان دەڵێت، ئەو سکاڵایەی دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە دادگەی فیدراڵیی عێراق تۆمارکراوە، مەبەستی سیاسی لەپشتە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ''هەر بڕیارێک دژی کۆتاکان بدرێت، کاریگەری خراپ دەخاتەسەر پێکەوەژیان".
رۆژی شەممە 18-11-2023، ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی سکاڵایەک کە لە دادگەى فیدراڵیى عێراق دژى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تۆمارکراوە بە فەرهاد دۆڵەمەڕی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''داواکارین دادگەی فیدراڵی ئەم سکاڵایە رەتبکاتەوە".
ئایدن مەعرووف گوتی، ''ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کە پێکەوەژیان و کورسیی کۆتاکان [لە پەرلەمانی کوردستان] لەبەرچاو بگیرێت، چونکە کۆتا بە یاسا دیاریکراوە و هەر گۆڕانکارییەک تێیدا، پێویستە لە رێگەی پەرلەمانی کوردستانەوە بێت؛ بۆیە پێویست ناکات دەستوەردانی دەرەکی لە کاروباری کۆتا و پێکهاتەکاندا هەبێت".
بڕیارە سبەی یەکشەممە، دانیشتنی دادگەی فیدراڵی تایبەت بە سکاڵا دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت. وەزیری هەرێم بۆ کاروباروی پێکهاتەکان دەڵێت، پێویستە دادگەی فیدراڵی دوور بێت لە کێشەی سیاسی و بڕیارەکانی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بێت، ''بەڵام بەداخەوە لە رابردوودا ئەو بڕیارانەی لە دادگەی فیدراڵی دەرچوون، لە بەرژەوەندیی لایەنەکان یان خەڵکی عێراق نەبوون، بەڵکو زیاتر سیاسی بوون و بۆ مەبەستی سیاسی بەکارهاتوون".
ئایدن مەعرووف ئاماژەی بەوە کرد، سکاڵاکە رەوشی پێکهاتەکانیش دەگرێتەوە، بەتایبەتی لە پرسی کورسیی کۆتادا و ئەگەر هەر بڕیارێک دژی کۆتا بدرێت، لەوانەیە کاریگەری خراپ بخاتەسەر رەوشی پێکهاتەکان و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان.
سکاڵاکە لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکیسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراوە و دژی پێنج مادەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە کە تایبەتە بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی هەڵبژاردن و کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان.
بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیای رووداو، لایەنى سکاڵاکار لە دادگەکەدا پرسیاریان کردووە، "بۆچى پەرلەمانى کوردستان لە ساڵى 2004 هەموارى مادەى 9ـی یاسای هەڵبژاردنەکانى کردووە؟".
ئەگەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە یاسای ساڵی 1992 بکرێت، ئەم یاسایە کورسیی کۆتای تایبەت بە تورکمانی لەبەرچاو نەگرتووە، بۆیە رەنگە ئەو پێکهاتەیە لە بەدەستهێنانی کورسیی کۆتا بێبەش بێت. ئایدن مەعرووف ئاماژەی بەوە کرد، ''بوونی نەتەوەی تورکمان گەورەتر لە بابەتی کۆتایە و لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان نەتەوەیەکی گرنگ و رەسەنە کە بەشداری لە پڕۆسەی سیاسی هەیە و دەبێت مافە یاساییەکانی لەبەرچاوبگیرێن".
لە مادەى 9ـی یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانى ساڵى 1992ـشدا، واتە پێش هەموارکردنەکەى هاتووە، هەرێمى کوردستان دەکرێتە چەند ناوچەیەکى هەڵبژاردن بە مەرجێک لە چوار ناوچە کەمتر نەبێت.
لە ساڵى 2004 یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان هەموارکرایەوە و ئەو مادەیە لادرا و لەبریدا نووسرا، هەرێمى کوردستان دەکرێت بە یەک ناوچەى هەڵبژاردن و بەسەر چەند ناوەندێکی هەڵبژاردن دابەشدەکرێت.
بڕیارە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات، کە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە، رۆژی 25-02-2024 دیاریکراوە.
بەشێک لە لایەنە تورکمانییەکان داوای ئەوە دەکەن هەڵبژاردن بە یاسای هەڵبژاردنی ساڵی 2018ـی پەرلەمانی کوردستان بکرێت کە 11 کورسیی کۆتا تەرخانکرابوو و بە شێوەی یەک بازنەیی بەڕێوەچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ