رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی پارێزگای کرماشان دەڵێت، لە پێنج مانگدا بە بەهای زیاتر لە دوو ملیار و 680 ملیۆن دۆلار کاڵایان هەناردەی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە کە لە رێگەی زیاتر لە 179 هەزار بارهەڵگرەوە گواستراونەتەوە.
رۆژی چوارشەممە 18-09-2024، عەلی ئەسغەر عەباسزادە، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە سەرەتای نەورۆزەوە تاوەکو 21ـی ئاب، 179 هەزار و 330 بارهەڵگر، لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەوە کاڵایان بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق گواستووەتەوە.
عەلی ئەسغەر عەباسزادە گوتی، 86 هەزار و 524 بارهەڵگر لە رێگەی دەروازەی سنووریی پەروێزخانەوە کاڵایان گواستووەتەوە کە بەراورد بە دەروازەکانی دیکە زۆرترین هەناردەی پێدا کراوە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی کرماشان، 32 هەزار و 589 بارهەڵگر لە رێگەی دەروازەی سنووریی خوسرەوییەوە کاڵایان گواستووەتەوە، هەروەها 32 هەزار و 92 بارهەڵگریش بە دەروازەی سنووریی سوماردا تێپەڕیون. لە دەروازەی سنووریی شوشمێ 11 هەزار و 20 بارهەڵگر و لە دەروازەی شێخ سڵەش 17 هەزار و 105 بارهەڵگر کاڵایان بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق گواستووەتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی کرماشان گوتی: "لەو پێنج مانگەدا، سێ ملیۆن و 75 هەزار تۆن کاڵا لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەوە هەناردە کراون کە بەهاکەیان دەگاتە دوو ملیار و 684 ملیۆن و 99 هەزار دۆلار."
زۆربەی ئەو کاڵایانەی هەناردە کراون بریتین لە شیش، ئاسن، کاشی، سرامیک، سەوزە و میوە، بەرد، شیرەمەنی و بەرهەمە پلاستییکییەکان.
پارێزگەی کرماشان، 371 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەیە. پارێزگەکە، پێنج دەروازەی سنووری هەیە کە سێیان لەگەڵ هەرێمی کوردستانن، دەروازەیەک دەکەوێتە سەر سنووری خانەقینی باشووری کوردستان و دەروازەیەکی سنووریش لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراقە.
دەروازە سنوورییەکانی پەروێزخان، شوشمێ و شێخ سڵە دەکەونە سنووری هەرێمی کوردستان، دەروازەی سومار دەکەوێتە سنووری قەزای خانەقین لە باشووری کوردستان و دەروازەی سنووریی خوسرەویش دەکەوێتە سەر سنووری نێوان کرماشان و ناوچەکانی دیکەی عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ