لە سنووری سۆران 7500 خێزان نەوتیان وەرگرتووە

20 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە سنووری ئیدارەی سۆران 9٪ـی خێزانەکان نەوتیان وەرگرتووە. 16 ملیۆن لیتری دیکەش ماوە دابەش بکرێت.

ئەمیر شانەدەری، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سۆران رۆژی چوارشەممە بە رووداوی گوت، لە سنووری ئیدارەکەیان ملیۆنێک و 500 هەزار لیتر نەوت دابەشکراوە.
 
کۆی ئەو خێزانانەی لەو نەوتە سوودمەند بوون، دەگاتە 7500 خێزان.
 
بە گوتەی شانەدەری، تائێستا 16 ملیۆن لیتر ماوە و بەسەر 80 هەزار خێزانی دیکەی سنوورەکەیان دابەش دەکرێت.
 
بەوپێیە، تائێستا 9٪ـی خێزانەکانی سۆران نەوتیان وەرگرتووە. سنوورەکە پێویستی بە 17 ملیۆن و 600 هەزار لیتر نەوت هەیە.
 
بە گوتەی ئەمیر شانەدەری، گرنگیی دابەشکردنەکە لەوەدایە کە ئەمە یەکەم بەرمیل نەوتی سپییە. هەرچەندە تائێستا 100٪ نییە، بەڵام ئەگەری زۆر هەیە ئەم ساڵیش دوو بەرمیل نەوتی سپی دابەش بکرێت، بەوپێیەی ئەوەی ئێستا دابەش دەکرێت، نەوتی پاڵپشتیکراوی هەرێمی کوردستانە. پار بەغداش نەوتی نارد.
 
بە گوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، دابەشکردنی نەوت نرخەکەی لە بازاڕیش دابەزاندووە. ئەم ساڵ باشترین نەوت کە لە پشکنینی سامانە سرووشتییەکان دەرچووبێت، بە 145 هەزار دینارە، لەکاتێکدا پێش دابەشکردنی نەوت بە 160 هەزار دینار بوو. نرخی جۆرەکانی دیکە زیاتریش دابەزیوە.
 
شانەدەری دەڵێت، پار نرخی هەر بەرمیلێک نەوت بە 170 بۆ 180 هەزار دینار بوو، بەڵام دوای دابەشکردنی نەوتی ماڵان بووە 120 هەزار. گوتیشی، پێشبینی دەکەن نرخەکەی زیاتریش دابەزێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە