لە لوڕستان لە سێ مانگدا 110 کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە

18-08-2024
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رێگەوبان و گواستنەوەی پارێزگای لوڕستان رایگەیاند، لە سێ مانگدا 110 کەس لە پارێزگاکە بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.
 
رەزا عەبدی، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و گواستنەوەی لوڕستان ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، لە 21-03-2024ـەوە تاوەکو 21-06-2024، لە سنووری ئەو پارێزگایە 110 کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.
 
رەزا عەبدی گوتی، لەو ماوەیەدا 88 کەس لە رێگەی نێوان شارەکانی پارێزگای لوڕستان و 6 کەسیش لە سەر رێگەی گوندەکان بەهۆی رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە، کە کۆی گشتی دەکاتە 94 کەس. 
 
بە گوتەی عەبدی، بەراورد بە پار کە 105 کەس لە رووداوەکانی هاتووچۆی سەر رێگەکانی دەرەوەی شارەکان و رێگەی گوندەکان گیانیان لەدەستداوە، گیانلەدەستدان بە رووداوی هاتووچۆ لەو رێگەیانە 11٪ کەمی کردووە. راشیگەیاند، لەو سێ مانگەدا 16 کەس لە نێو شار بە رووداوەکانی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە، کە بەراورد بە پار 78٪ زیادی کردووە.
 
عەبدی هەروەها دەڵێت، بەپێی ئاماری دادپزیشکیی پارێزگاکە، زیاترین قوربانیی رووداوەکانی هاتووچۆ لە شاری کۆیەشتە کە لە ماوەی سێ مانگدا 15 کەس بەو رووداوانە گیانیان لەدەستداوە و بەراورد بە پار کە 6 کەس گیانیان لەدەستدابوو، بە رێژەی 150٪ زیادی کردووە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و گواستنەوەی لوڕستان دەشڵێت، زیاترین رووداوی هاتووچۆ لە شاری چگێنی بووە، بەڵام کەمترین قوربانی لێکەوتووەتە و تەنیا کەسێک لەو ماوەیەدا گیانی لەدەستداوە.
 
روونیشیکردەوە، زیاترین قوربانیی رووداوەکانی هاتووچۆ لە لوڕستان لە رێگەی نێوان کۆیەشت-زانۆگە و بروجێرد-ئەراک بووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شارەزوور.

قایمقامی شارەزوور: قوتابخانەمان هەیە 97٪ی کارەکانی تەواوکراوە، بەڵام لەبەر پارەیەکی کەم راگیراوە

رزگار غەفوور، قایمقامی قەزای شارەزوور میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، باسی لە کێشە و گرفتەکانی سنووری قەزای شارەزووری کردو رایگەیاند، قەیرانی دارایی و گرفتی نەختینەیی گرفتی گەورەی بۆ دروست کردووین، "بەجۆرێک زۆرینەی ئەو پرۆژانەی هەمانن بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی نەختینەوە راگیراون".