رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، لەڕێگەی شاندی سیاسییەوە سەردانی ئەو حیزبانە دەکەن کە لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کورسییان هەیە و بەشدارنەبوون لە هەڵبژاردنی پارێزگاردا.
پەروین فاتیح، ئەمڕۆ یەکشەممە بە هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداوی گوت، "بە دەستبەکاربوونی سەرۆکی ئەنجوومەن کۆمەڵێک شت دەکرێن، بۆ نموونە لە سبەیەوە دەتوانێت کۆبوونەوەی ئەنجوومەن بەڕێوەببات و لیژنەکان پێکبهێنێت".
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتیشی، لە رێگەی لیژنەی سیاسیی دەرەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکەوە لەگەڵ ئەو لایەنانە کۆدەبنەوە کە تاوەکو ئەمڕۆ لە حکومەتی خۆجێی بەشدارییان نەکردووە، لەوانەش پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرەی تورکمانی.
پەروین فاتیح ئاماژەی بەوەشکرد، هەر پۆستێکی پارێزگاکە بە هەر لایەنێک بدرێت دەبێت لە ئەنجوومەنی پارێزگاوە دەنگی پێبدرێت و پەسەند بکرێت.
ئێستا یەکێتی 5 کورسی، کورسییەکی کۆتای کریستیانەکان و سێ کورسیی پێکهاتەی عەرەب هاوپەیمانییان هەیە و حکومەتی خۆجێیان پێکهێناوە. پەروین فاتیح گوتی، "پێدەچێت لە داهاتوودا هاوپەیمانییەکەیان ببێتە 11 یان 13 کورسی".
ئەو قسانە لەکاتێکدایە، لە کۆبوونەوەکەی هۆتێل رەشید لە بەغدا کە پارێزگار هەڵبژێردرا، سێ ئەندامی عەرەب، دوو ئەندامی تورکمان و دوو ئەندامەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشدار نەبوون و دانیشتنەکە بە نایاسایی ناودەبەن.
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە محەممەد ئیبراهیم حافز، وەکو سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێی پارێزگای کەرکووک دەستبەکاربوو.
دوای دەستبەکاربوونی، محەممەد حافز بە رووداوی گوت، "دەمانەوێ لەگەڵ هاوبەش و هاوڕێیانمان، هەروەها ئەو پێکهاتانەش کە لە دانیشتنی یەکەمی ئەنجوومەندا ئامادەنەبوون، لەگەڵ ئێمە لە پێکهێنانی حکومەتێکی راستەقینە بەشداربن، بە جۆرێک کە ئەو حکومەتە نوێنەرایەتیی هەموو خەڵکی کەرکووک بکات. ئێمەش بە یەک ئەندازە لە هەمووانەوە نزیک دەبین."
حافز گوتی، "لە رۆژانی داهاتوودا دانیشتنی ئەنجوومەن دەکرێت. پۆستە سەرەکییەکانی کەرکووک لە یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەندا یەکلایی دەکرێنەوە. لە چەند رۆژی یەکەمی داهاتوودا دامەزراندن رایدەگەیێنن، ئەوەش بە شێوەیەکی زۆر بارگرانی سەرشانی خەڵک کەم دەکاتەوە، بەتایبەتی گەنجان".
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک 16 ئەندامە و رێژەی یاسایی بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە 9 ئەندامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ