رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی رێکخراوی (CPT)ـی ئەمریکی دەڵێت، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بۆردوومانێكدا هاونیشتمانییەک لە سنووری شێلادزێی سەر بە پارێزگای دهۆک گیانی لەدەستدا.
کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (CPT) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە، ناوی عوسمان رژدی مڕوانسییە و تەمەنی 32 ساڵ بوو.
بۆردوومانەکە نزیک کاژێر 06:00ـی بەیانی لە گوندی بەریسکێ کراوە، ئەو کەسە بۆ کاروباری مێشهەنگ چووەتە ئەو سنوورە. کامەران عوسمان دەڵێت: "ئەوەی گیانی لەدەستداوە تەمەنی 32 ساڵە و هاوژینی هەیە، بەڵام منداڵی نییە؛ پێشمەرگە بوو".
فەخری خەلیل، ئامۆزای عوسمانە و بە ئەیوب نەسری، پەیامنێری رووداو گوت، بۆردوومانەکە بەیانیی ئەمڕۆ بووە، ئامۆزاکەی کە لە دایکبووی 1992ـە، گیانی لەدەستداوە.
بەگوێرەی ئاماری ئەو رێکخراوە کە بایەخ بە پێشلکارییەکانی تورکیا و ئێران بۆ سەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان دەدات، لە 15ـی مانگی شەش بۆ 15ـی تەممووز "بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە بۆ سەر پەکەکە، 9 گوند لە سنووری ئامێدی بە تەواوی چۆڵکراون".
رێکخراوەکە دەڵێت: "لە 15ـی مانگی شەشەوە تاوەکو 15ـی تەممووز، سوپای تورکیا 381 جار هەرێمی کوردستانی بۆردوومان و تۆپباران کردووە؛ 339 یان بە فڕۆکەی جەنگیی بووە، 35 تۆپباران و 7 هێرشی درۆنیی بووە".
هێرشەکانی مانگی رابردووی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان زۆرینەیان بۆ سنووری پارێزگای دهۆک بووە کە 289 هێرشە، هەروەها 48 هێرش بۆ سنووری پارێزگای هەولێر و 43 هێرشیش بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی بووە و هێرشێکیش کراوەتە سەر شنگال لە سنووری پارێزگای نەینەوا.
کامەران عوسمان ئاماژەی بەوەشکرد، لە 15ـی حوزەیران بۆ 15ـی تەممووز، بەهۆی "هێرشەکانی تورکیاوە یەک هاونیشتمانی لە سیدەکان بریندار بووە، 184 خێزان ئاوارە بوون؛ 68 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی و دارستانی سرووشتی سووتاون، 19 خانوو زیانیان بەرکەوتووە".
هەر بەگوێرەی ئاماری رێکخراوەکە، لە ماوەی مانگێکی رابردوودا زیان بەر کەنیسەی گوندی میسکە کەوتووە، هەروەها دوو پڕۆژەی ئاو یەکێکیان ئاوی خواردنەوە و ئەوی دیکە کشتوکاڵی بە ئامانج گیراون، هاوکات کارگەیەکی تەحین بۆردوومان کراوە و ئۆتۆمبێلێکیش زیانی بەرکەوتووە. کامەران عوسمان گوتی: "بەهۆی بۆردوومانەوە کارەبای گوندەکانی بەرگارێ و میسکە بڕاون".
بەگوێرەی ئاماری ئەو رێکخراوە، سەرەتای ئەم ساڵ تاوەکو کۆتایی مانگی شەش، "سوپای تورکیا 1076 جار هەرێمی کوردستانی بۆردوومان و تۆپباران کردووە؛ 93%ی ئەو هێرشکردنە بە فڕۆکەی جەنگی بووە؛ ئەوی دیکەی بۆردوومان بە درۆن و تۆپباران بووە."
بەگوێرەی (CPT)، تەواوی ساڵی رابردوو تورکیا 1548 جار بۆردوومان و تۆپبارانی هەرێمی کوردستانی کردبوو.
هەر بەگوێرەی (CPT)، زۆرینەی بۆردوومان و تۆپبارانەکانی تورکیا لە سنووری پارێزگای دهۆک بووە، بەتایبەت لە سنووری چیاکانی گارە و مەتین. ئەو گوندانەی ئەم ساڵ زۆرترین بۆردوومان و تۆپباران کراون لە سنووری چیای گارە، بریتین لە: گوهەرزێ، بەرچێ، بەلاڤا، کانێ، ئاشکێ بێرێ، سەرگەلێ.
بەشێکی دیکەی ئەو گوندانەی سنووری پارێزگای دهۆک کە لە سنووری چیای مەتینن و بەر بۆردوومان و تۆپباران کەوتوون بریتین لە مژێ، کەڤنەمەژێ، سپیندارێ، دێرەشێ، گیرگاشێ.
بەگوێرەی ئاماری (CPT)، لە ئەنجامی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە و بۆردوومان و تۆپبارانەکانی تورکیا، زیاتر لە 170 گوندی هەرێمی کوردستان بە تەواوی چۆڵکراون و 602 گوندیش مەترسی چۆڵبوونیان لەسەرە.
لەبارەی ئاماری قوربانییەکانی شەڕەوە، کامەران عوسمان گوتی: "لە ساڵی 1991ـەوە 344 هاونیشتمانی سڤیل لە ئەنجامی شەڕەکە و بۆردوومان و تۆپبارانەکانی تورکیاوە شەهیدبوون و 359 کەسیش بریندار بوون، لەنێویاندا ئەم ساڵ 9 شەهید و دوو بریندار هەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ