رووداو دیجیتاڵ
بە گوتەی کەسوکاریان بۆ رووداو، 11 هاونیشتمانیی دیکەی نێو بەلەمە تێکشکاوەکانی ئیتاڵیا هاونیشتمانیی سنووری پارێزگای هەولێرن.
بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە کەسوکاری بێسەروشوێنەکان وەریگرتوون، ئەو 11 کەسە لە رۆژی دووشەممەوە هیچ پەیوەندییان بە کەسوکاریانەوە نەماوە و دوو خێزانن.
ناسنامەی کەسەکان بەمشێوەیەیە: رێبوار کەمال و هێرۆ عومەر، هەروەها منداڵەکانیان بەناوی لاوین، لارین و لۆڤان. خێزانەکەی دیکەش بریتین لە عەبدولقادر ئەحمەد و موژدە عومەر، هەروەها منداڵەکانیان بە ناوەکانی میران، مەیلان، ماردین و میروان.
هەر ئەمشەو رووداو ناسنامەی هەشت کەسی دیکەی دوو خێزانی سنووری ئیدارەی راپەڕینی بڵاوکردەوە کە کەسوکاریان دەڵێن لەنێو بەلەمەکاندا بوون.
هاونیشتمانییەک بەناوی حاجی وەرتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەنێو بەلەمەکەدا دوو ئامۆزای من و دوو منداڵیان هەبوون و چارەنووسیان نادیارە".
هەژار مەولوود و سازگار عوسمانی هاوژینی و هەردوو منداڵەکانیان بەناوی مەروان و محەممەد، کەسوکاری حاجی وەرتین و لەنێو بەلەمەکەدا بوون و چارەنووسیان نادیارە.
هەروەها حەسەن مەلا نەبی، برای یەکێک لەو کەسانەی وەک خۆی دەڵێت لە یەکێک لە بەلەمەکاندا بووە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "خوشکەکەم ناوی خونچەیە، زاواکەمان ناوی ئارام عەبدولڕەحمانە و دوو کچەکەیان بە ناوەکانی مەنسا و مەیلی لەنێو بەلەمەکەدا بوون".
حەسەن مەلا نەبی دەڵێت، خوشکەکەی دووگیان بووە و بڕیار بووە مانگی داهاتوو منداڵی بێت؛ گوتیشی: "قاچاخچییەکەیان کوردە و لە تورکیایە، لەگەڵ ئەودا قسەمان کرد و گوتی 'خوشکم و هاوژین و منداڵەکانی لە بەلەمەکەدا بوون'."
17-06-2024، تیمێکی فریاگوزاریی ئیتاڵیا رایگەیاند، بەلەمێکی کۆچبەران کە 61 کۆچبەری تێدا بووە، لە نزیک کەناراوەکانی دوورگەی لامپەدووسا لە باشووری ئیتاڵیا تێکشکاوە و توانیویانە 51 لەو کۆچبەرانە رزگار بکەن و 10 کۆچبەریش خنکاون.
هەروەها پاسەوانی دەریایی ئیتاڵیا رۆژی دواتر رایگەیاند، بەلەمێکی دار کە 72 کۆچبەری تێدابووە، لە نزیک نیمچەدوورگەی کالابریا لە باشووری ئیتاڵیا تێکشکاوە و بەگوێرەی زانیارییەکانیان 60 کۆچبەر بێسەروشوێنن.
تاوەکو ئێستا چارەنووسی ئەو 19 هاونیشتمانییە نازانرێت کە دەگوترێت لەنێو بەلەمەکەدا بوون، هەروەها نازاندرێت لەو بەلەمەدا بوون کە دووشەممەوە تێکشکاوە یان ئەوەی رۆژی دواتر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ