لە دوو رۆژی جەژندا زیاتر لە 75 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگای سلێمانییان کردووە

18-06-2024
ئاسۆ سەراوی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

تاوەكو دووەم رۆژی جەژنی قوربان زیاتر لە 75 هەزار گەشتیار چوونەتە سنووری پارێزگای سلێمانی ‌و پێشبینی دەكرێت ژمارەكە بگاتە زیاتر لە 120 هەزار گەشتیار.‏

ئارام شوانی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سلێمانی رایگەیاند، رێبەرێكی كۆنی گەشتیاریی ‏شەش ساڵ لەمەوبەر دەدەنە گەشتیاران. لەبارەی هۆكارەكەشی گوتی، ‏‏"پەیوەندیی بەوەوە هەیە بودجەی پێویستمان نییە بۆ چاپكردنی رێبەری نوێ‌. ‏پێشبینی دەكەین بۆ نەورۆزی داهاتوو بتوانین رێبەری نوێ‌ چاپ بكەین."
 
گوتەبێژەكەی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سلێمانی لەكاتی بەشداریکردن لە پۆدكاستی "بە كاتی سلێمانی" كە ئاسۆ سەراوی پێشكێشی دەكات، ئەوەیشی خستەڕوو، گەشتیاران کە زۆربەیان لە نێوەڕاست و خوارووی عێراقەوە هاتوون، جووڵەیەكی باشی ئابوورییان لە سلێمانیدا دروستكردووە، ئەگەر هەر گەشتیارێك 100 دۆلار خەرج بكات، واتە حەوت ملیۆن و ‏‏500 هەزار دۆلار هاتووەتە نێو بازاڕەکانی سلێمانی.
 
ئارام شوانی ئاماژەی بەوەش دا، لە بازگەكان "پێشوازییەكی زۆر باش" لە گەشتیاران ‏دەكرێت، "10 ساڵە هەوڵ دەدەین، كە لە ‏بازگەكان باشتر پێشوازی لە گەشتیار بكرێت، خۆشبەختانە ئێستا زۆر بە ‏باشی پێشوازی لە گەشتیاران دەكرێت؛ لەو رووەوە هیچ گرفتێك نەماوە."
 
بەڵام خاڵێكی دیكە كە بۆ گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی جێگەی نیگەرانییە، نەڕازاندنەوەی شاڕێی سالمە لە جەژن ‌و بۆنەكاندا و گوتی، "هەموو جەژن ‌و بۆنەیەك داوای رازاندنەوەی تەنیا شاڕێی سالم دەكەین، هەموو پێداویستییەكیش ئامادەیە و لە رابروودا كڕدراوە، بەڵام بەداخەوە بەرپرسانی سلێمانی ‏كەمتەرخەمن."
 
لە سنووری سلێمانی 1500 ‏شوێن مۆڵەتی گەشتیارییان هەیە، بە گوتەی ئارام شوانی، لەم جەژنەدا 95%یان كراونەتەوە و پێشوازییان ‏لە گەشتیاران كردووە. هەروەها ‏لە 225 میوانخانەکەی سلێمانی، بۆ ئەم جەژنە 90%یان شوێنیان بۆ میوان نەماوە. گوتیشی، "ئەو میوانخانانەی شوێنیان ماوەتەوە پەیوەندیی بە خۆیانەوە هەیە، دیارە نەیانتوانیوە بەبازاڕكردنێكی باش بۆ شوێنەكانیان بكەن."
 
لە جەژنی رەمەزانی ئەم ساڵدا 120 هەزار گەشتیار روویان لە پارێزگای ‏سلێمانی كردبوو.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە