رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەوەرخانەی سلێمانی و گەرمیان دەڵێت، لە پەلەوەرخانەکان کیلۆیەک مریشک بە 1900 دینارە؛ هەروەها لە بازاڕدا کیلۆی 2400 دینارە. وەزارەتی کشتوکاڵیش دەڵێت، نرخەکە لە تەواوی عێراق دابەزیوە.
نازم عەبدوڵڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانی سلێمانی و گەرمیان ئەمڕۆ شەممە 18ی ئایاری 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تێچووی کیلۆیەک مریشک لە پەلەوەرخانەکان 2600 دینارە، بەڵام کیلۆیەکی بە 1900 دینار دەفرۆشن."
سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانی سلێمانی و گەرمیان دەڵێت، نرخی جووجک، سووتەمەنی و ئالیک گرانە و تێچووی مریشکیان بەرزکردووەتەوە. گوتیشی، "ناکرێت حکومەت ئەم کەرتە پشتگوێ بخات و بەرامبەری بێ پلان بێت."
بە گوتەی نازم عەبدوڵڵا، پەلەوەرخانەکان دەتوانن پێداویستیی مریشکی زیندووی زیاتر لە 10 ملیۆن کەس پڕبکەنەوە. گوتیشی، "دابەزینی نرخ بەهۆی زۆریی مریشک و خواستی کەمەوەیە."
سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانی سلێمانی و گەرمیان داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، لە کێشەی پەلەوەرخانەکان بپرسنەوە. گوتیشی، "حکومەت دەتوانێت نرخێکی جێگیر بۆ مریشک دابنێت نەوەکو هەر رۆژەو نرخێک بێت."
محەممەد عومەر، مریشکفرۆش لە شاری هەولێر ئەمڕۆ شەممە بە رووداوی گوت، کیلۆیەک مریشکی زیندوو دەدەنە 2400 دینار.
لەبارەی هۆکاری دابەزینی نرخی مریشک، رزگار حەمەد خدر، راوێژکار لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە نێوەڕاست و خوارووی عێراقیش مریشک زۆرە؛ لە هەرێمی کوردستانیش خستنەڕوو زۆرە و خواست کەم، بۆیە لە تەواوی عێراق نرخەکەی دابەزیوە."
نێوەڕاستی شوباتی ئەم ساڵ، نرخی کیلۆیەک مریشکی زیندوو گەیشتە 4000 دینار. کۆتایی مانگی ئادار دابەزی بۆ 3500 دینار و لە مانگی رابردووشدا زیاتری دابەزی و کیلۆی بە 2750 دینار بوو.
بەگوێرەی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ساڵانە زیاتر لە 105 ملیۆن مریشک لە هەرێمی کوردستان گەورە دەکرێن، کە دەکاتە نزیکەی 250 هەزار تۆن گۆشت، لە کاتێکدا پێداویستیی ساڵانەی گۆشتی مریشک لە نێوخۆدا 146 هەزار تۆنە. ئەوەی لە پێداویستی نێوخۆ زیاترە هەناردەی پارێزگاکانی عێراق دەکرێت.
لە هەرێمی کوردستان خواستی زۆر لەسەر میشکی زیندووە تاوەکو بەستوو، بۆ دابینکردنی مریشکیش هەزار و 840 پەلەوەرخانە هەن، بەڵام بەشێوەی هەمیشەیی هەموویان بەرهەمیان نییە.
ژمارەی پەلەوەرخانەکان بەپێی پارێزگاکان بەم جۆرەیە:
- هەولێر 576 پەلەوەرخانە
- سلێمانی 727 پەلەوەرخانە
- دهۆک 344 پەلەوەرخانە
- هەڵەبجە 35 پەلەوەرخانە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ