رووداو دیجیتاڵ
یەکەم گەشتی حاجیان ئەم ساڵ لە رێگەی ئاسمانییەوە لە 27ی ئایار و لە رێگەی وشکانیشەوە لە 29ی ئایار دەستپێدەکات. بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی حەج و عومرە دەڵێت، "بۆ پێشوازی لە سەردانیکاران ئامادەکارییەکان لە سعودیە تەواو کراون."
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، 27ی ئایار یەکەم گەشتی ئاسمانی بۆ گواستنەوەی زیارەتکارانی حەج دەستپێدەکات و 30ی هەمان مانگ دوایین گەشت بۆ هەمان مەبەست لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانییەوە دەکرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەموو ئامادەکارییەکان کراون و یەکەم گەشتی وشکانی 29ی ئایار دەبێت و 31ی ئایار دەگەنە شوێنی خۆیان."
نایف ئاسوودە، خاوەنی کۆمپانیای حەج و عومرە، کە ئەم ساڵ لە رێگەی وەزارەتی ئەوقافەوە حاجییان دەبەنە سعودیە، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئامادەکارییەکان لە سعودیە تەواو کراون، هەموو ئەوەی پێویستە بۆ حاجیانی کوردستان ئامادە کراوە."
بە گوتەی نایف ئاسوودە، تیکتی فڕۆکە، هۆتێل لە عەزیزییەی سعودیە، خشتەی کاری رۆژانە، پاسی هاتووچۆ و باجی حاجییان بۆ ئەو هاونیشتمانییانە ئامادە کراوە، بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج دەچنە سعودیە.
بەهۆی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجەوە، بڕیارە لە ئەمڕۆ 18ی ئایارەوە گەشتی عومرە بە فەرمی رابگیرێت تاوەکو دوای فەریزەکە.
ئەم ساڵ 4685 هاونیشتمانی بۆ حەجکردن دەچنە سعودیە، لەو ژمارەیە 1460 کەسیان بە رێگەی وشکانی دەچن.
دوێنێ 17ی ئایاری 2024 دەستەی حەج و عومرەی عێراق رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە 23ی ئایار یەکەم کاروانی بەجێهێنەرانی حەج بە رێگەی وشکانی بەرەو مەککە بەڕێدەکەون.
بەگوێرەی حەج و عومرەی عێراق، ئەم ساڵ 19 هەزار و 145 لە رێی ئاسمانییەوە و 19 هەزار و 145 کەسی دیکەش لە رێی وشکانییەوە دەچنە حەج.
بەگوێرەی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، گەشتی حەجکردن ئەم ساڵ بە دینارە؛ بە رێگەی ئاسمانی 6 ملیۆن و 350 هەزار دینار و بە رێگەی وشکانیش 5 ملیۆن و 300 هەزار دینارە.
لە حەجی ساڵی 2023ـدا، چوار هەزار و 685 هاونیشتمانی بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج چوونە مەککە، کە 720ـیان بە رێگەی وشکانی و ئەوانی دیکە بە رێگەی ئاسمانی چوون و تێچووی حەج بە رێگەی ئاسمانی چوار هەزار و 500 دۆلار بە وشکانیش سێ هەزار و 800 دۆلار بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ