لقی دهۆکی سەندیکای کرێکاران: زیانلێکەوتووانی بازاڕی چەلێ دەبێ لەبەردەم دادوەر سوێند بخۆن

18-05-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی لقی دهۆکی سەندیکای کرێکاران دەڵێت: بۆ دیاریکردنی قەبارەی زیانەکانی ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی چەلێ، پێویستە دووکانداران لەبەردەم دادوەر سوێند بخۆن. ''پارتی دوو هەزار دۆلاری وەکو جەژنانە بە هەریەکە لە زیانلێکەوتووان داوە.'' 
 
ئەمڕۆ (شەممە، 18-05-2024) وڵات ئۆزمانی، سەرۆکی لقی دهۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە دڵدار هەرکی پێشکێشیکرد، رایگەیاند، تاوەکو ئێستا دەستنیشانکردنی قەبارەی زیانەکانی ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی چەلێ بەردەوامە.
 
بەرەبەیانیی رۆژی 01-04-2024، لەکاتی پارشێودا ئاگر لە بازاڕی چەلێی دهۆک کەوتەوە، کە بازاڕێکی میللییە، بەگوتەی بەرگریی شارستانیی دهۆک نزیکەی 160 دووکان و 20 کۆگە سووتان. وڵات ئۆزمانی گوتی، ''جیا لە سوێندخواردنی زیانلێکەوتووان لەبەردەم دادوەر، لیژنەیەکیش پێکهێنراوە بۆ ئەوەی قەبارەی زیانەکان دیاری بکات.''
 
دوای ئەوەی بازاڕی چەلێ سووتا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی روواداوەکە، ژمارەیەک رێنمایی بۆ دووکانداران دەرکرد؛ لەوانەش بردنە ژوورەوەی شتومەکی بەردەم دووکانەکانیان لەکاتی داخرانی بازاڕدا و دانەپۆشینیان بە قوماش کە بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی پەرەسەندنی ئاگرکەوتنەوەکان دادەنرێت.
 
 
ژمارەیەک لە دووکانداران رەخنەیان لەو رێنماییە هەیە و دەڵێن، دووکانەکانیان بچوکە و جێگەی بردنەژوورەوەی شتوومەکەکانیان نابێتەوە. سەرۆکی لقی دهۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان لەوبارەوە ئاماژەی دا، ''ئەمە بابەتێکی گرێدراوی ساخی، سەلامەتی و رێگریکردنە لە ئاگرکەوتنەوە، گرنگە دووکانداران پێیەوە پابەند بن.''
 
بەگوتەی وڵات ئۆزمانی، تاوەکو ئێستا زیانلێکەوتووانی بازاڕەکە قەرەبوو نەکراونەتەوە، ''تەنیا سەرکردایەتیی پارتی لە پارێزگەی دهۆک، وەکو جەژنانە دوو هەزار دۆلاری بە هەر دووکاندارێک داوە.''
 
وەک سەرۆکی لقی دهۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان دەڵێت، بە گشتی 165 دووکان زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام 475 کەس جەژنانەیان لە سەرکردایەتیی پارتی لە دهۆک وەرگرتووە. 
 
بەر لە ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی چەلێی دهۆک، دووکاندار و خاوەن کۆگەکان خۆیان بۆ جەژن ئامادەکردبوو و شتومەکی زۆریان هێنابوو، بۆیە رووداوەکە زیانێکی زۆری مادی لێکەوتەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبوو.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سرکێتی موەلیدە

کەمیی کارەبای نیشتمانی نرخی ئەمپێری موەلیدە لە هەولێر و دهۆک بەرزدەکاتەوە

سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی دەڵێت، مانگی نیسان موەلیدەکان 70 کاژێر کەمتر کاریان کردووە، بۆیە نرخ کەمتر دەبێت لە مانگی رابردوو، بەڵام سەرۆکی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر و دهۆک دەڵێن، "بەراورد بە مانگی رابردوو، کاری موەلیدەکان زیاتر بووە و نرخیشی گرانتر دەبێت."