رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری گەرمیان رایگەیاند، بەهۆی لافاوەوە شوێنەوارێکی سەردەمی ئینگلیزەکانیان لە سنوورەکە دۆزیوەتەوە. بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، شوێنەکە کۆگە یان بیری ئاو بووە.
شوێنەوارەکە لە سنووری ناحیەی قۆرەتوو بەهۆی لافاوەوە دەرکەوتووە و ئاو چواردەورەکەی راماڵیوە، شێوەی لە شوێنی خاڵی چاودێریی ئێستا دەچێت. ساڵح محەممەد، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری گەرمیان رۆژی هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەگوێرەی بەدواداچوونی سەرەتاییمان، شوێنەکە بۆ سەردەمی ئینگلیزەکان دەگەڕێتەوە."
ساڵح محەممەد دەڵێت، چواردەوری شوێنەوارەکە بە تەواوی پاککراوەتەوە و روونە، بەڵام نەیانتوانیوە ناوەکەی ببینن، چونکە سەرەوەی زەوییەکە بە دانەوێڵە چێندراو بووە پێشتر و هێشتا خۆڵی بەسەرەوەیە.
بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری گەرمیان ئاماژەی بەوەش کرد، شوێنەکە لە کەنار رووباری سیروان دروستکراوە و پێدەچێت کۆگە یان بیری ئاو بووبێت. گوتیشی، "سەیری نەخشەی کۆنی رووباری سیروانمان کردووە، تاوەکو ئێستا ئاو نەگەیشتووەتە ئەو شوێنە کە ئێستا لافاو لێیداوە."
هەر رۆژی هەینی، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپوەری گەرمیان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لیژنەیەکیان بە هاوکاریی ئاسایش سەردانی شوێنەکەیان کردووە، "دەرکەوت پاشماوەکە تایبەتە بە سەردەمی ئینگلیزەکان، کە بەهۆی لافاوەوە دەرکەوتووە."
بەریتانییەکان لە جەنگی جیهانیی یەکەم عێراقیان خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە. لە کۆنفرانسی ئاشتی لە پاریس لە ساڵی 1919 عێراق بوو بە ژێردەستەی بەریتانیا. دواتر بڕیاریان دا عێراق بکەن بە پاشایەتی و "مەلیک فەیسەڵیان" وەکو پاشا دەستنیشان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ