رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵیت، بەبێ حیزبەکەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناکرێت: ''99٪ـی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی کە بۆ هەرێمی کوردستان دەردەچن، سیاسین.''
ئەمڕۆ پێنجشەممە، پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان کە هاوکات وەزیری ئەوقافیشە، لە سیمینارێکدا رایگەیاند: ''پارتی پێیوایە زیاتر لە 99٪ـی ئەو بڕیارارانەی لە دادگەی فیدراڵی دژی هەرێمی کوردستان دەردەچن، سیاسین و هیچ بنەمایەکی دەستووری و یاساییان نییە.''
پشتیوان سادق گوتی، دادگەی فیدراڵی شوێنی دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێکردن و بڕیاردانی گرتووەتەوە و چارەسەر ئەوەیە ''لەسەر بنەمای دەستوور، پڕۆژەیەکی نوێ بچێتە پەرلەمان و بە رەزامەندیی هەموو لایەنەکان، ئالییەتی کارکردنی دادگەکە دووبارە دیاری بکرێتەوە و جێبەجێ بکرێت.''
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوە کرد، چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەتایبەتی بابەتی دادگەی فیدراڵی، بە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان چارەسەر دەکرێن.
یەکێک لە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی کە 21ـی شوباتی 2024 دەرچوو، 11 کورسیی کۆتای پەرلەمانی کوردستانی لادا و هەڵبژاردنی لە هەرێمی کوردستان کردە چوار بازنەیی؛ بڕیارێک کە هەر زوو لەلایەن پارتی و پێکهاتەکانەوە بە ''قبووڵنەکراو'' زانرا.
''بەبێ پارتی هەڵبژاردن ناکرێت''
رۆژی 10ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە و تاوەکو ئەمڕۆ پارتی رەتیدەکاتەوە بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا بکات.
پشتیوان سادق پێیوایە، بەبێ حیزبەکەی هەڵبژاردن ناکرێت: ''90٪ـی ئەو حیزبانەش کە لیستی بەربژێرانیان پێشکێشی کۆمیسیۆن کردووە، لەسەر ئەو بڕوایەن.''
18ـی مانگی ئاداری ئەم ساڵ، پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، بەشداری لە هەڵبژاردنێکی "نادەستووری، نایاسایی و سەپێندراو دا" ناکات.
پێشتر سێ جار وادەی هەڵبژاردن دیاریکراوە؛ "پارتی هەر سێ جار ئامادەی بەڕێوەچوونی بووە، ئێستاش لەگەڵ هەڵبژاردنین، بەڵام ئەو دەستوەردانەی کە دەیانەوێت بیکەن و کورسییەکان دابەش بکەن، قبووڵکراو نییە و ئێمە بەوە رازی نابین.''
یەکێتی، کۆمەڵ و یەکگرتوو رایانگەیاندووە لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندان، ئەگەر پارتیش بەشداری نەکات. وەزیری ئەوقافی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ''ئەو لایەنانەی داوای هەڵبژاردن دەکەن، لە رابردوودا بەهۆی ترسیان لە شکست، رێگریان دەکرد، ئێستاش بڕیاری دادگەی فیدراڵی هۆکاری رازیبوونیانە.''
لە هەڵبژاردنی 2021ـی پەرلەمانی عێراقدا کە پشتیوان سادق بە ''پاکترین هەڵبژاردن''ـی دەزانێت، پارتی دیموکراتی کوردستان 33 کورسی بەدەستهێنا و سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی دیکە 30 کورسییان بردەوە: ''ئەو کاتە کۆتا نەبوو بڵێن پارتی لەگەڵ کۆتا ئەو کورسییانەی هێناوە."
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئەوەشی خستەڕوو، حیزبەکەی ترسی لە هەڵبژاردن نییە و ''هەر پارتیش زۆرینە دەبێت و حکومەت پێکدەهێنێتەوە، بەڵام ئێمە بڕوامان بە پێکەوەژیان هەیە.''
پشتیوان سادق رووی دەمی کردە ئەو لایەنانەی دەڵێن بەبێ پارتیش هەڵبژاردن دەکەن و گوتی: ''بیر لەوە ناکەنەوە ئێمە نۆ مانگ چاوەڕێمان کردن، زۆرینەش بووین حکومەتمان پێکنەهێنا، کەواتە بیر لەوە بکەنەوە لە داهاتوودا ئەگەر دووبارە زۆرینەمان بەدەستهێنا و بەبێ ئەوان حکومەتمان پێکهێنا، لێمان تووڕە نەبن.''
مووچە "مافی سرووشتیی خەڵکی کوردستانە''
پشتیوان سادق باسی لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "ئەو مووچانەی دراون، مافی مووچەخۆرانی کوردستانن و لە ئەنجامی گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کورستاندا دراون."
وەزیری ئەوقاف گوتیشی، ئەو لایەنانەی بانگەشە بۆ چارەسەری مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکەن هیچ هەوڵێکیان نەداوە: ''ئەوە حکومەت هەرێمی کوردستان و پارتی بوون کە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکەیان دا و ئێستاش ئاکامەکەی دەبینین.''
لە هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و 251 هەزار مووچەخۆر هەن؛ لەو ژمارەیە 751 هەزار 805 کەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، جیا لە پلەبەرزکردنەوە، مانگانە بۆ پێدانی مووچە زیاتر لە 940 ملیار دیناری پێویستە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ