کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی یەکێتی: پێویستە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت

18-04-2024
پەیمان محەممەد
گوتەبێژی یەکێتی قسە بۆ رۆژنامەڤانان دەکات
گوتەبێژی یەکێتی قسە بۆ رۆژنامەڤانان دەکات
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیێنێت، پێویستە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت و ''سەرکردایەتیشمان جەخت لەوە دەکاتەوە.''
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 18-04-2024، سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتیی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی حیزبەکە کۆبووەوە. سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتی لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە رایگەیاند، ''لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا پابەند بین بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا.''
 
10ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە، سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی، ''هەڵبژاردن گرنگە و پێگەی هەرێمی کوردستان بە پەرلەمان و حکومەتێکی کارا بەهێز دەبێت.''
 
ئەوەی وایکردووە تاوەکو ئێستا گومان هەبێت هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت، بایکۆتی پارتییە کە دەڵێت، "بەشداریی هەڵبژاردنێکی بەنایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێندراودا بەڕێوەبچێت،" ناکەین. 
 
بەر لە پارتی، 15 لایەنی کریستیانیش لە دوو راگەیێندراوی جیادا بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانیان راگەیاند و ئاماژەیان بەوەدا، ئەو هەڵوێستەیان وەک رەتکردنەوەی ئەو دیفاکتۆیەیە کە سەپێندراوە بەسەر کریستیانەکان لە رێگەی بڕیاری دادگەی فیدراڵی و هەموارنەکردنی یاسای هەڵبژاردن و تایبەتنەکردنی دەنگدان لەنێو پێکهاتەکەدا.
 
هەروەها لە 12ـی ئاداردا 10 حیزب و لایەنی تورکمانیی هەرێمی کوردستان بە هەمان هۆکار بایکۆتی هەڵبژاردنەکەیان کرد و رایانگەیاند، "تاوەکو ئەو کاتەی ستەمی کۆتای پێکهاتەکان هەڵدەگیرێت''، بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن.
 
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، کاراکردنەوەی پەرلەمان و حکومەت، بۆ راپەڕاندنی ئەرکی یاسادانان و جێبەجێکردن و خزمەتگوزاریی باشتر، گرنگ و پێویستە.
 
جەختکردنەوەی یەکێتی لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەکاتێکدایە، سەرۆک بارزانی، دوێنێ (چوارشەممە، 17ـی نیسانی 2024) لە کۆبوونەوەی لەگەڵ تۆماس سیلەر، باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق گوتی، "دواخستنی هەڵبژاردن بۆ چەند مانگێك، زۆر گرنگترە لەوەی هەڵبژاردنێك بەڕێوەبچێت كە تێیدا مافی دەنگدەران و پێكهاتەكان پێشێل كرابێت."
 
یەکەم جارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەبێ کورسیی کۆتای پێکھاتەکان دەبێت، کە پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان، پێج بۆ تورکمان و کورسیەکى دیکەیان بۆ ئەرمەن بوو، بەڵام لە 21ـی شوبات دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندەوەی کورسیی کۆتاکان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چاوپێکەوتنی ئۆنڵاین لەگەڵ ژنە ئێزدییەکانی ئەورووپا.

120 ژن و کچی ئێزدی لە دەرەوەی وڵات بە ئۆنلاین گەواهی لەسەر تاوانەکانی داعش دەدەن

بۆ سوودمەندبوونیان لە یاسای رزگاربووانی ژن و کچانی ئێزدی و گەواهیدان لەسەر تاوانەکانی داعش تاوەکو ئێستا 120 ژن و کچی کوردی ئێزدی کە لە دەرەوەی وڵاتن، بە ئۆنلاین چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە.