رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، کار بۆ ئەوە دەکەن مووچەی سێ مانگی ساڵی رابردووی مووچەخۆرانیش وەربگرن. گوتیشی، وەزارەتی دارایی عێراق دوای وردبینی، پارەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانیش دەنێرێت: ''ئێستا چاوەڕوانی ناردنی لیستەکەن.''
چارەنووسی سێ مووچەی ساڵی رابردووی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نادیارە؛ نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کە میوانی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، رایگەیاند، ''هەوڵی تەواو دەدەین کە وەربگیرێت، بەڵام لە رووی دارایی و ژمێریارییەوە مووچە لە چوارچێوەی خەرجیی بەکاربردندایە (جاری) کە لە 31-12-2023 کۆتاییهاتووە.''
بەپێی بڕیارێکی داگەی فیدراڵیی عێراق کە 21ـی شوباتی 2024 دەرکرا، پرسی مووچە بەتەواوی لە پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان جیاکراوەتەوە، ئەگەر نەوت هەناردە نەکرێتەوە، حکومەتی عێراق مووچەی هەرێمی کوردستان راناگرێت، بەڵام کۆی داهاتی نێوخۆی لێ دەردەکرێت. نەرمین مەعرووف گوتی: ''ئومێد دەکەین بڕیارەکە مووچەی مانگەکانی ساڵی 2023ـیش بگرێتەوە.''
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق قسەی لەگەڵ بەڕێوەبەری ژمێریاریی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کردووە، بەڵام دەڵێت: ''بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی 'اثر رەجعی' نییە و بەڵکو تەنیا لە 21ـی شوباتەوە جێبەجێ دەکرێت، بۆیە دەبێ چاوەڕوانی بڕیاری دادگەی فیدراڵی بین، کە رێگە بە وەرگرتنی دەدات یان نا.''
بەگوتەی نەرمین مەعرووف، 'بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی بۆ دەستەبەرکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان، تەنیا بڕیارێکە، ئەوان پێویستییان بە گەرەنتیی زیاتر هەیە.
وەک ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، بۆ جێگیرکردنی مووچە لە خەرجیی سەروەریدا، پێویستە لە هەمواری یاسای بودجەدا بابەتەکە گەرەنتی بکرێت: ''ئەمە پێویستی بە دەقی یاساییە نەک تەنیا بڕیاری داگەی فیدراڵی.''
هەولێر و بەغدا لەسەر ئەوە رێککەوتوون تاوەکو کۆتایهاتنی پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، لیستى ناوى هێزە ئەمنییەکان بە کۆد بنێردرێتە وەزارەتی دارایی عێراق. نەرمین مەعرووف گوتی: ''ئەمە شتێکی نامۆ نییە و بەشێک لە هێزە ئەمنییەکانی عێراقیش بەهەمانشێوە کار بە کۆدەکانیان دەکرێت، تەنیا بۆ قۆناخێکی کاتییە.''
حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچە، پڕۆژەی هەژماری منی هەیە و دەیەوێت لەو رێگەیەوە مووچە دابەش بکرێت. ئەو پەرلەمانتارە گوتی: ''ئەم بابەتە ماوەتەوە بۆ گفتوگۆی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، وەزارەتی دارایی عێراق داوای روونکردنەوەی لە دادگەی فیدراڵی کردووە بۆ ئەوەی بزانن دابەشکردنی مووچە لە رێگەی پڕۆژەی هەژماری من رێگەپێدراو دەبێت یان نا.''
لە دوای شەڕی داعش و بڕینی بەشە بودجەکەی لەلایەن بەغداوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک رێکاری گرتەبەر، لەوانە پاشەکەوتکردنی مووچە، راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، نەدانی پارەی بەڵێندەران و زیادکردنی باج و رسوومات.
نەرمین مەعرووف گوتی، وەزارەتی دارایی عێراق چاوەڕوانی دەستپێکردنی پلەبەرزکردنەوەیە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە و بەڕێوەبەری گشتیی بودجەش پێیراگەیاندووە: ''ئەگەر لیستەکە ئامادە بکرێت و بنێردرێت، دوای پڕۆسەی وردبینی، بەغدا پارەی پلەبەرزکردنەوەش دەنێرێت''.
لە هەرێمی کوردستاندا ملیۆنێک و 251 هەزار مووچەخۆر هەن؛ لەو ژمارەیە 751 هەزار 805 کەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، جیا لە پلەبەرزکردنەوە، مانگانە بۆ پێدانی مووچە زیاتر لە 940 ملیار دیناری پێویستە.
جیاوازییەکی زۆر لە نێوان مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەیە، کەمترین مووچەی خانەنشینی لە بەغدا زیاتر لە 500 هەزار دینارە، لەکاتێکدا لە هەرێمی کوردستان کەمترە لە 200 هەزار دینار.
نەرمین مەعرووف گوتی: ''بابەتی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق کاتی زیاتری پێویستە، چونکە رێکاری ئیداری و یاساییەکەی جیاوازە، هەروەها لەوبارەوە لەگەڵ بەغدا یاسامان جیاوازە." بۆ نموونە لێبڕینی خانەنشینی لە عێراق 10٪یە و لە هەرێمی کوردستان 7٪ـە.
بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارە، تێڕوانینی عێراق بۆ داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە ''هەموو داهاتە نانەوتییەکانی دەوێت.'' ئەوە لەکاتێکدایە بەپێی یاسای بودجە، هەرێمی کوردستان وێڕای رادەستکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوت، دەبێ 50٪ـی داهاتە نانەوتییەکان بگەڕێنێتەوە بەغدا.
نەرمین مەعرووف پێیوایە، باشترین چارەسەر ئەوەیە کە بگەڕێینەوە بۆ دادگەی فیدراڵی، کە وردبینی لە یاساکەدا بکات، بۆ ئەوەی هەموو لایەنەکان پێیەوە پابەند بن.''
ئەمساڵ حکومەتی عێراق بۆ مووچەی مانگی کانوونی دووەم 618 ملیار دینار و بۆ مانگەکانی شوبات و ئاداریش 952 ملیار دیناری ناردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ