رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە کۆبانێ، دڵنیایی دەداتە هاونیشتمانییان کە لە داهاتوویەکی نزیکدا دیالۆگی کوردی - کوردی دەستپێدەکات و ئەنجامی باشیشی دەبێت. گوتیشی، ''جارێکی دیکە سەرۆک بارزانی سەلماندی کە خەمخۆری دۆزی کوردە.''
رۆژی شەممە 18-01-2025، عەدنان بۆزان، بەرپرسی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە کۆبانێ، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە دڵدار هەرکی پێشکێشیکرد، لەبارەی کۆبوونەوەکەی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کە رۆژی پێنجشەممە 16ـی کانوونی دووەم لە هەولێر کرا رایگەیاند، ''سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکەم کە هەردەم ئەوە دەسەلمێنێت خەمخۆری دۆزی کوردە.''
لە کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی باس لە گۆڕانکارییەکانی سووریا و پێویستیی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد لە رۆژئاوای کوردستان کرا. عەدنان بۆزان باسی لە دەستپێکردنەوەی دیالۆگی کوردی - کوردی کرد و گوتی، ''گەشبینین ئەم جارە قۆناخێکی نوێ دەستپێدەکات، گرنگە ئێمەی کورد بتوانین لە سووریادا یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیمان هەبێت.''
دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، گرنگیی دیالۆگی کوردی - کوردی زیاتر بووە کە لەنێوان هەردوو لایەنی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد (پەیەنەکە) بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکانی نێوانیانە، بەڵام سەرەڕای لێکتێگەیشتنی پێشوو، لە ساڵی 2021ـەوە گفتوگۆکانیان راگیراون.
ئەو بەرپرسەی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە کۆبانێ ئاماژەی بەوەدا، ''ئێمە ئامادەی کۆبوونەوەین و مژدە دەدەینە خەڵکی خۆمان لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆبوونەوەکان دەستپێدەکەن و ئەنجامی باشیشیان دەبێت.''
تاوەکو ئێستا چارەنووسی کوردی رۆژئاوای کوردستان لە چوارچێوەی سووریای نوێدا روون نییە. عەدنان بۆزان دەڵێت، ''بە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان، دەتوانین بگەینە قۆناخێکی نوێ کە وەڵامدەری داخوازییەکانی گەلی خۆمان بێت.''
لەدوای ئۆپەراسیۆنەکەی چەکدارانی دەستەی تەحریر شام (هەتەشە) بە ناوی "بەرپەرچدانەوەی شەڕانگێزی" لە 25ـی 11ـی 2024 لە دژی سوپای پێشووی سووریا، چەکدارانی سوپای نیشتمانیی سووریا ئۆپەراسیۆنێکیان بە ناوی "گزنگی ئازادی" راگەیاند، بەڵام ئەوان هێرشەکانیان بۆ سەر هەسەدە چڕکردەوە و دەستیان بەسەر ناوچەی شەهبا و منبجدا گرت، ئێستاش هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی بەنداوی تشرین دەدەن کە نزیکە لە کۆبانێ، بەڵام شەڕڤانانی هەسەدە بەرپەرچی هێرشەکانیان داوەتەوە.
ئەو بەرپرسەی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی شەڕەوە دۆخی کۆبانێ باش نییە، ''ئاو و کارەبا پچڕاوە، خەڵک ترسی لە بەردەوامیی شەڕەکە هەیە.''
بەگوتەی عەدنان بۆزان تاوەکو ئێستا هیچ هیزێکی ئەمریکی یان هاوپەیمانان لە سنووری کۆبانێ دا نین، ''پێشتر سێ جار هێزەکانی ئەمریکا هاتن و رۆیشتن، بەڵام بە جێگیری لە سنوورەکە نەماونەتەوە.''
ئەو بەرپرسەی ئەنەکەسە دەڵێت، ''خەڵک لە کۆبانێ ترسیان هەیە چەکدارانی سوپای نیشتمانیی سووریا دەربازی سنوورەکە بن و ئەزموونی گرێسپی، عەفرین و سەرێکانی جارێکی دیکە دووبارە ببێتەوە و ئاوارەببن.''
پێش ئەوەی کە منبج لەلایەن چەکدارانی نزیک لە تورکیاوە دەستی بەسەردا بگیرێت، کەلوپەل و پێداویستییەکانی ژیانی هاونیشتمانییان زیاتر لە رێگەی ئەو شارەوە دابین دەکران، بەڵام وەک ئەو بەرپرسەی ئەنەکەسە ئاماژەی بەوەدا، ئێستا کەلوپەل و پێداویستییەکانی خەڵکی کۆبانێ لە رێگەی رەققە، قامشلۆ و حەسەکەوە دابین دەکرێن و ئەوەش ئاستەنگییەکی زۆری دروست کردووە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا، رۆژی هەینی 17ـی کانوونی دووەمی 2025، لە هەژماری فەرمی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، گیانلەدەستدانی 29 شەڕڤانی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رێگەی تۆپبارانکردنەوە راگەیاند.
هاوکات ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە 16ـی کانوونی دووەمی 2025، لە ناوچەی زرگان لە رۆژئاوای کوردستان هێرشیان کردووەتە سەر سوپای تورکیا و سوپای نیشتیمانیی سووریا و لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆریان لێ کوشتوون و بریندار کردوون.
پاساوی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئەوەیە کە پێکهێنەری سەرەکیی هەسەدە واتا یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ