رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی عێراق دەڵێت، هەولێر و بەغدا سەبارەت بە کاری کارگەکانی هەرێمی کوردستان کۆنووسێکیان ئامادە کردووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە ''ئەگەر واژۆ لەسەر کۆنووسەکە نەکرێت، دەبێت چاوەڕێی داخستنی سەتان کارگەی دیکە لە هەرێمی کوردستان بکەین".
ئەمڕۆ شەممە 18-01-2025، سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشیکرد، رایگەیاند، لە چەند مانگی رابردوودا وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لیژنەیەکی تایبەتی ئابووریی عێراق چەندین کۆبوونەوەیان سەبارەت بە رێککەوتن لەسەر چۆنیەتیی پشکنین و پێدانی مۆڵەت بە کارگەکانی هەرێمی کوردستان کردووە، بۆ ئەوەی رێگە بە چوونی بەرهەمە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان بە ناوچەکانی دیکەی عێراق بدرێت.
بەگوێرەی بڕیارێکی حکومەتی عێراق، پێویستە هەموو کارگەکانی هەرێمی کوردستان موڵەتی کارکردن لە وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق وەربگرن.
سروە محەممەد گوتی: ''بەداخەوە هەر ناکۆکییەک لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا هەبێت، هاونیشتمانییان باجەکەی دەدەن. ئێستا کارگەکان لە هەرێمی کوردستان دەیان کێشە و رۆتینیان هەیە و ئەگەر بچنە بەغداش، بە هەمانشێوە بە هەزاران رۆتین و کیشەیان بۆ دروست دەکرێت.''
بەپێی ئامارەکان، لە 7 ساڵی رابردوودا تەنیا لە پارێزگای سلێمانی 800 کارگە داخراون. ئەو پەرلەمانتارەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی داخرانی کارگەکان ئاماژەی بەوە کرد نث ''ئێستا رێکارەکان بۆ کردنەوە و بەڕێوەبەردنی کارگە لە هەرێمی کوردستان زۆر گراننك کرێی کارەبا، بوونی باج و رسووماتی زۆر، ساخنەبوونەوەی بەرهەم لەنێو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و زۆر کێشەی دیکە''.
ئەو پەرلەمانتارە گوتی: ''بەهۆی رۆتیناتەوە هەزارن کرێکار لە کارگەکانەوە چوونەتە ماڵەوە و بێکار بوون، بەداخەوە ئەگەر هەرێمی کوردستان و بەغدا رێکنەکەون، دەبێت چاوەڕێی ئەوە بکەین بە سەتان کارگەی دیکەش دابخرێن.''
سروە محەممەد دەڵێت، هەولێر و بەغدا چەندین کۆبوونەوەیان کردووە و سەبارەت بە کاری کارگەکانی هەرێمی کوردستان کۆنووسێک ئامادە کراوە کە تێیدا ئاماژە بە چەند خاڵێکی گرنگ کراوە و و گوتی: ''ئەگەر کۆنووسەکە واژۆ نەکرێت، ئەوە کێشەی کارگەکان چارەسەر نابێت.''
لەبارەی نێوەرۆکی کۆنووسەکە ئاماژەی دا، ''یەکێک لە خاڵەکان ئەوەیە کە لەلایەن بەغداوە پشکنین بۆ کارگەکانی هەرێمی کوردستان بکرێت، بۆ ئەوەی بزانن ئەم کارگەیانە بوونیان هەیە. لە خاڵی دووەمدا باس لەوە کراوە کە تاقیگەی ناوەندیی بەغدا پشکنین بۆ بەرهەمی کارگەکان بکات، بەڵام وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان لەگەڵیان کەوتووەتە رێککەوتن بۆ ئەوەی لە چەند هەفتەی داهاتوو دان بە تاقیگەکانی هەرێمی کوردستاندا بنرێت".
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو، رۆژی چوارشەممە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارگەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی ئەوانەی سلێمانی، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عیراق کۆبووەتەوە و چەند خاڵێکی خستووەتەڕوو.
بەگوتەی سروە محەممەد، ''یەکێک لەو خاڵانە ئەوە بوو کە مۆڵەتێکی دیکە بدرێت بە کارگەکانی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئەو کۆنووسەی لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا کراوە، واژۆ بکرێت. هەروەها ئەگەر هەردوو لایەن رێککەوتن، لیژنەیەکی تایبەت سەردانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بکات بۆ ئەوەی دەستوبرد بکرێت لە پشکنینی کارگەکان و کەمکردنەوەی رۆتینات.''
وەک ئەو پەرلەمانتارە گوتی، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق ئاماژەیان بەوەش کردووە، لە ئەگەری رێککەوتنی بەغدا و هەولێر، بۆ بەرهەمی کارگەکان، پشت بە تاقیگەکانی هەرێمی کوردستان ببەسترێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ