رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا 4 گوندی سنووری ئامێدی لە پارێزگای دهۆک بۆردوومان دەکەن، ئەوەش دوای ئەوەی لەسەر داوای بەرپرسانی ناوچەکە چۆڵکران.
گوندە چۆڵکراوەکان بریتین لە سپیندارا خەلفو، مژی، کەڤنە مژێ و گرگاش کە دەکەونە سنووری ناوچەی بەرێگارێ لە سنووری ناحیەی دێرەلووک سەر بە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک.
قەهار میکائیل، موختاری گوندی سپیندارا خەلفو و نوێنەری هەر چوار گوندی چۆڵکراو، ئەمڕۆ پێنجشەممە 18-1-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو چوار گوندە دەکەونە بناری چیای گارە و 10 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی قەزای ئامێدییەوە دوورن.
قەهار میکائیل گوتی، لە دوو رۆژی رابردوودا لە لایەن بەڕێوەبەری ناحیەی دێرەلووک، بەرپرسانی کارگێڕیی قەزای ئامێدی و بەرپرسانی ئەمنیی ناوچەکەوە ئاگادار کرانەوە کە دەبێت ئەو گوندانە چۆڵ بکرێن.
موختارەکەی گوندی سپیندارا خەلفو باسی لەوە کرد، نزیکەی 120 خانوو لەو 4 گوندەدان، بەڵام تەنیا نزیکەی 4 خێزان بە بەردەوامی دەمانەوە و ئەوانی دیکە لەوێ نەبوون و بۆ کاری باخداری و کشتوکاڵ دەچوونەوە ئەوێ.
قەهار میکائیل ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو دوێنێ کەس لەو چوار گوندە نەما و ئەم بەیانییە ژمارەیەک خێزان بۆ هێنانی بەشێک لە پێداویستییە جێهێڵدراوەکەیان چوونەوە گوندەکان و گوتیان، فڕۆکەکانی تورکیا گوندەکانیان بۆردوومان کردوون.
لەبارەی زیانەکانەوە، قەهار میکائیل گوتی، "لانیکەم 5 خانوو و قوتابخانەیەک رووخاون. زیانیش بەر خانووەکانی دیکە کەوتووە. دەتوانم بڵێم زیانی سەدان ملیۆن دینار بەر خەڵکی گوندەکان کەوتووە".
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە، چەند رۆژێکە شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا لە ناوچەکەدا چڕ بووەتەوە.
رۆژی 12-1-2024 گەریلاکانی پەکەکە هێرشیان کردە سەر بارەگایەکی سوپای تورکیا لە سنووری ئامێدی و لە ئەنجامدا 9 سەرباز کوژران و 12 گەریلاش گیانیان لەدەستدا، ئەوە بە گوێرەی وەزارەتیی بەرگریی تورکیا.
لەو رۆژەوە سوپای تورکیا بۆردوومانەکانی بۆسەر پێگەکانی پەکەکە لە باشووری کوردستان زیادکردووە و دەستی بە بۆردوومانی چڕی رۆژئاوای کوردستانیش کردووەتەوە.
قەهار میکائیل لە رێگەی رووداوەوە داوا لە "بەرپرسان و رێکخراوە بیانییەکان دەکەم بە هانامانەوە بێن و چارەسەرێک بۆ دۆخمان بدۆزنەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ