پارێزگاری دهۆک: هێرشەکەی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێر کردەوەیەکی تیرۆریستی و ترسنۆکانە بوو

18-01-2024
پەیمان محەممەد
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک.
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 
 
پارێزگاری دهۆک هێرشەکەی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێر بە کردەوەیەکی ''تیرۆریستی و ترسنۆکانە'' دەزانێت و دەڵێت: ''ئاخۆ ژینای تەمەن چەند مانگە کارگوزاری مۆساد بوو، کە شەهیدتان کرد؟''
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18-01-2024، وەک دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ هەولێر و سەرکۆنەی هێرشەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر چەند ناوچەیەکی پایتەختی هەرێمی کوردستان، خۆپێشاندانێک لە دهۆک بەڕێوەچوو و لە پارێزگاکەش سێ رۆژ ماتەمینی راگەیێندرا.
 
لە دوای خۆپێشاندانەکە عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک گوتارێکی پێشکێشکرد کە تێیدا هێرشەکەی سوپای پاسدارانی بە کردەوەیەکی ''تیرۆریستی و ترسنۆکانە'' ناوبرد و گوتی، ''ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەتەوە کە سەرکۆنەی هێرشەکەی سوپای پاسداران بکەین و بە رووڕەش و شەرمەزاری بزانین.'' 
 
عەلی تەتەر دەستخۆشیی لە سەرجەم ئەو لایەن و وڵاتانە کرد کە پاڵپشتیی خۆیان بەرامبەر بە ''دەستدرێژیی ناڕەوا و تیرۆریستانەی سوپای پاسداران'' بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەربڕیوە و گوتیی، ''ئەم هێرشە تیرۆریستانەیە هیچ پاساوێک هەڵناگرێت''.
 
 
کاژێر 11:30ـی شەوی دووشەممە، 15-01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە 11 مووشەک هێرشی کردە سەر شاری هەولێر، پێنج لەو مووشەکانە بە ماڵی سەرمایەداری کورد پێشڕەو دزەیی کەوتن.
 
بۆردوومانەکە گیانلەدەستدانی پێشڕەو دزەیی و منداڵێکی کە تەمەنی تەنیا چەند مانگانەیە و هاوڕێیەکی و کارگوزارێکی ماڵەکەی لێکەوتەوە، هەروەها 16 کەسیش بەهۆی هێرشەکەوە بریندار بوون.
 
پاساوی ئێران بۆ هێرشە مووشەکییەکەی، بوونی بارەگای دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل - مۆسادە لە هەولێر، پارێزگاری دهۆک جەختی لەوە کردەوە، ''ئەو پاساوەی کە بەردەوام ئێران و وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە بۆ هێرشەکانیان دەیخەنەڕوو، هیچ بنەمایەکی نییە و بیانوویەکی تەواو بێ مانایە.''
 
پارێزگاری دهۆک گوتی: ''دەڵێن لە ماڵی پێشڕەو دزەییدا کارگوزاری ئیسرائیلی کراونەتە ئامانج، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ژینای بچووک [منداڵە چەند مانگانەکەی پێشڕەو دزەیی] کارگوزاری ئیسرائیل بوو کە ئێوە لە هێرشەکەدا شەهیدتان کرد؟ پێشتر ژینایەکتان [ژینا ئەمینی] شەهید کردبوو، ئێستاش ژینای دووەم؟ بەڵام بیگومان بە هەزاران ژینا سەریان هەڵدەدەنەوە.''
 
لە دوای هێرشەکە، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەى بە سەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لەسەر ئەو هێرشە پێکهێنا و رۆژی سێشەممە، لیژنەکە سەردانى هەولێری کرد و چووە ئەو شوێنانەی بۆردوومان کرابوون. قاسم ئەعرەجی دواتر رایگەیاند ئەو شوێنەی بۆردوومان کراوە بەپێچەوانەی بانگەشەکان، بارەگای مۆساد نەبووە.
 
هێرشەکانی ئێران کاردانەوەی گەورەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییان بەدوای خۆیاندا هێنا. ئەمریکا، چین، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، فینلاند و نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئاستی جیا سەرکۆنەیان کرد.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی ئەمڕۆی کەرکووک کە خۆڵبارینێکی چڕ بوو. وێنە: محەممەد شکور - رووداو

لە کەرکووک بوومەلەرزە روویدا

ئێوارەی ئەمڕۆ لە پارێزگای کەرکووک بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 3.6 پلە بە پێوەری رێختەر روویدا. ئەمە دووەمین بوومەلەرزەیە لە ماوەی هەفتەیەکدا لە سنووری کەرکووک تۆمار دەکرێت.