رووداو دیجیتاڵ
میری کوردانی ئێزدی داوا لە ئێزدییەکان دەکات لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقدا بەشداربن و دەشڵێت، ''دەنگ بە بەربژێرانی ئێزدی و ئەو کەسانە بدەن کە مافی ئێزدییان دەپارێزن.''
سبەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەدەچێت، میر حازم تەحسین بەگ، میری کوردانی ئێزدی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا داوای لە کوردانی ئێزدی کرد، بەشداری هەڵبژاردنەکەدا بکەن و دەنگ بە بەربژێرانی ئێزدی یان ئەو کەسانە بدەن کە کار بۆ ئێزدییان دەکەن.
میر حازم تەحسین بەگ گوتی، ''ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئێمەی ئێزدی زۆر گرنگە و نزیکەی 80٪ـی کوردی ئێزدی سەر بە (تابع) موسڵن، با دەنگ بەربژێرانی خۆیان [بەربژێری ئێزدی] بدەن، بۆ ئەوەی بەرگری لە شنگال، شێخان و کوردستان بکەن.''
میری کوردانی ئێزدی جەختی لەوە کردەوە، دەبێ دەنگ بەو کەسانە بدرێت کە بە هانای ئێزدییانەوە دێن و کار بۆ شنگال دەکەن. ''هەرچەندە ژمارەی ئەندامانی ئێزدی لە ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا زیاتر بێت، لە بەرژەوەندیی کوردانی ئێزدییە، چونکە زیاتر دەتوانن بەرگریی لە مافەکانی خۆیان بکەن، ئەوە نۆ ساڵە خەڵکی ئێمە لە کەمپەکاندا دەژین.''
دوێنێ شەممە، دەنگدانى تایبەت بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق کرا کە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس مافى دەنگدانیان هەبوو و بەشێک لە کوردانی ئێزدی کە ئاوارەی شارەکانی هەرێمی کوردستانن تێیدا بەشدار بوون، بەشێکیشیان کە گەڕاونەتەوە شنگال و دەوروبەری، دەتوانن سبەی لە دەنگدانی گشتیدا بەشدار بن.
بەگوێرەی نوێترین ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئابی 2023 تۆمار کراوە، ژمارەی کوردانی ئێزدی لە عێراقدا پێش شەڕی داعش لە 3ـی ئابی 2014دا 550 هەزار کەس بووە. لە ئامارەکەدا هاتووە، ئێستا 135 هەزار و 860 کەسیان لەنێو کامپەکانی هەرێمی کوردستاندا دەژین و زیاتر لە 120 هەزار کەسیان کۆچیان کردووە بۆ وڵاتانی دەرەوە.
بەپێی ئامارەکە، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی هێرشی داعشەوە لە 3ـی ئابی 2014دا رفێندراون، 6417 کەس بوون؛ 3548 کەسیان لە رەگەزی مێ و 2869 کەسیان لە رەگەزی نێر بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ