دەستەی دەستپاکی: 1010 دۆسیەی گەندەڵی لەژێر لێکۆڵینەوەدان

17-12-2023
پەیمان محەممەد
حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان
حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەم ساڵ زیاتر لە هەزار دۆسیەی گەندەڵی لەژێر لێکۆڵینەوەدان. گوتیشی، "ساڵانە لە ئەنجامی کاری دەستەکەیان چەندین ملیار دینار دەگەڕێندرێتەوە بۆ دارایی گشتی."
 
رۆژی یەکشەممە، 17-12-2023، حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا راپۆرتی ساڵانەی چالاکیی دەستەکەیانی لە سەرەتای ساڵی 2023ـەوە تاوەکو 1ـی مانگی 12 خستەڕوو.
 
هەزار و 10 دۆسیە لە لێکۆڵینەوەدان
 
ئەحمەد ئەنوەر ئاماژەی بەوە کرد، "ئێستا لە هەرسێ بەڕێوەبەرایەتییەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک، هەزار و 10 دۆسیەی گەندەڵی لەژێر لێکۆڵینەوەدان کە بەراورد بە ساڵی رابردوو ژمارەیان زیاترە."
 
بە گوتەی سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە هەرێمی کوردستان، لە ماوەی ئەو 11 مانگەدا، 230 دۆسیەی گەندەڵی نوێ رەوانەی دادگەکان کراون کە ژمارەی ئەوانیش بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادیکردووە."
 
''نەبوونی دادگەی تایبەت بە گەندەڵی یەکلاکردنەوەی دۆسیەکان دوادەخات''
 
هەندێک لە دۆسیەکانی گەندەڵی لە قۆناخی دادگەییکردندا سێ بۆ چوار ساڵ دوادەکەون، ئەحمەد ئەنوەر لەوبارەوە دەڵێت، "دواکەوتنی دۆسیەکان لە دادگە پەیوەندی بە نەبوونی دادگەیەکی تایبەتەوەیە بە دۆسیەیەکانی گەندەڵی."
 
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ئەوەشی خستەڕوو، بڕیارە دادگەی تایبەت بە دۆسیەیەی گەندەڵی لە هەر سێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک هەولێر دابمەزرێندرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیارەکە جێبەجێنەکراوە.
 
"ساڵانە چەندین ملیار بۆ داهاتی گشتی دەگەڕێینینەوە"
 
وەکو سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێکرد، ئەم ساڵ لە هەولێر و سلێمانی هەژمارێکی بانکی بۆ ئەو پارانە تەرخان دەکەن کە دەگەڕێندرێنەوە خەزێنەی گشتی. گوتیشی، ''ساڵانە چەندین ملیار دینار لە ئەنجامی کاری دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان بۆ دارایی گشتی دەگەڕێندرێتەوە.''
 
بەپێی راپۆرتێکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ بڵاویان کردەوە، لەنێو تۆمەتبارانی دۆسیەی گەندەڵیدا بەڕێوەبەری گشتی، وەزیری پێشوو، بریکاری پێشووی وەزارەت و 13 بەڕێوەبەر دەبینرێن.
 
وەکو لە راپۆرتەکەی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، لە ماوەی ئەم 11 مانگەدا، 105 دۆسیەی گەندەڵی یەکلایی کراونەتەوە کە 44ـیان بە ئازادکردنی تۆمەتبار و 61 دۆسیەش بە سزادان کۆتاییهاتووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەنداوی دووکان. وێنە: رووداو- ئەرشیف

بەنداوی دووکان تەنیا 25٪ ئاوی تێدایە و عێراقیش داوای دەکات

بەڕێوەبەری بەنداوی دووكان رایگەیاند، بەنداوەكەیان 25% ئاوی تێدا ماوە. دەشڵێت، جگە لە کەمبارانی، داهاتی ئەو ئاوەی ئەم ساڵ بۆیان هاتووە زۆر كەم بووە. حکومەتی عێراق داوا لە ئیدارەی بەنداوەکە دەکات بەردەوام بێت لە بەردانەوەی ئاو بۆ ناوچەکانی نێوەڕاست و باشووری وڵات.