رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر دەڵێت، ئەمڕۆ دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی رێگەوبانی دوو شەقامی 20 مەتری و 30 مەتری لە زۆنی Aـی گەڕەکی 8ـی حەسارۆک دەکرێت، گوتیشی، گوژمەی تەرخانکراو بۆ پڕۆژەکە زیاتر لە 500 ملیۆن دینارە.
ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 17-10-2024) بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بەردی بناخەی ''پڕۆژەی خۆڵکاری بۆ شەقامەکانی 20 مەتری و 30 مەتریی گەڕەکی مەریوان لە کەرتی 8ـی حەسارۆک'' داندرا.
دوای دانانی بەردی بناخەکە، ئومێد خۆشناو لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، درێژیی شەقامەکان 11 کیلۆمەترە و گوژمەی 500 ملیۆن و 775 هەزار دیناری بۆ تەرخان کراوە.
بەگوتەی پارێزگاری هەولێر، کۆی ئەو گوژمەیەی تاوەکو ئێستا بۆ پڕۆژەکانی تایبەت بە گەڕەکی 8ـی حەسارۆک خەرجکراوە، دەگاتە 15 ملیار دینار، ''لە نێوان گەڕەکەکانی 8ـی حەسارۆک و 5ـی حەسارۆکیش، رێگەیەکی دووساید کاری تێدا دەکرێت کە بەشێکی تەواوکراوە و بەشەکەی دیکەش لە داهاتوویەکی نزیکدا تەواو دەکرێت.''
ئومێد خۆشناو ئەوەشی خستەڕوو، هەر ئەمڕۆ کۆمپانیای جێبەجێکار لە پڕۆژەکە، دەستبەکار دەبێت و ''لە داهاتوویەکی نزیکدا بۆ جێبەجێکردنی خواستی دانیشتووانی گەڕەکەکە، هەنگاوی زیاتریش دەنرێت.''
زیاتر لە 20 ساڵە 16 هەزار پارچە زەوی لە گەڕەکی 8ـی حەسارۆک دابەشکراون، بەڵام تاوەکو ئێستا بە تەواوی خزمەتگوزارییان پێ نەگەیشتووە؛ پارێزگاری هەولێر دەڵێت، ''خاوەن زەوییەکان دڵنیا دەکەینەوە بەپێی توانا، حکومەتی هەرێمی کوردستان خزمەتگوزارییان پێدەگەیێنێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ