فڕۆکەخانەی کەرکووک: لە دوو هەفتە بۆ مانگێکی دیکە یەکەم فڕۆکە دەنیشێتەوە

17-10-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یاریدەدەری بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک رایگەیاند، رێکخستنی یەکەم گەشت لە فڕۆکەخانەکەوە پشت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمپانیاکان دەبەستێت بۆ راییکردنی گەشتەکان لە فڕۆکەخانە، لە ماوەی دوو هەفتە بۆ مانگێکی دیکە، یەکەمین فڕۆکەی گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکە دەنیشێتەوە.
 
رۆژی دووشەممە 17-10-2022 ئەیاد ئیبراهیم، یاریدەدەری بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک لە لێدوانێکدا رایگەیاند، "هەوڵێکی زۆر لەلایەن دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق و پارێزگای کەرکووک و کۆمپانیای وەبەرهێنەرەوە دراوە بۆئەوەی فڕۆکەخانەکە بکرێتەوە کە خزمەتی خەڵکانێکی زۆر لە پارێزگای کەرکووک و چوار پارێزگای دیکەی دراوسێ دەکات."
 
بە گوتەی یاریدەدەری بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک، فڕۆکەخانەکە دەرفەتی کار بۆ 500 کەس لە دانیشتووانی کەرکووک دەڕەخسێنێت و لە کاتی کەوتنە سەر کاری فڕۆکەخانەکە ژمارەکە زیاتریش دەبێت.
 
یاریدەدەری بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک، کە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق کردووە، دەڵێت، سەرجەم قۆناخەکانی کارکردنی فڕۆکەخانە بە تەواوەتی تەواو بوون و دەتوانرێت لە ماوەی داهاتوودا بەپێی تواناکانی و گەشتەکانی رۆژانەی گەشەی پێبدرێت.
 
رۆژی یەکشەممە 16-10-2022 بە ئامادەبوونی ناسر حوسێن، وەزیری گواستنەوە و شاندێکی حکومەتی عێراق لە رێوڕەسمێکدا کە تەنیا 10 خولەکی خایاند و دوور لە چاوی کەناڵەکانی راگەیاندن فڕۆکەخانەی کەرکووک کرایەوە. دوای رێوڕەسمەکە راکان جبووری، پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت رایگەیاند، هەرچەندە هێشتا هەندێک کاری تەکنیکی ماون بۆئەوەی فڕۆکەخانەکە بکەوێتە کار و دەست بە گواستنەوەی سەرنشین بکات، بەڵام لە یادی 16ی ئۆکتۆبەردا "بە پێویست زانرا ئەم دەسکەوتە مێژووییە پێشکێش بکرێت."
 
یاریدەدەری بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک لە قسەکانیدا کردنەوەی فڕۆکەخانەکەی بە گرنگ زانیوە و گوتوویەتی، دەبێتە سەنتەرێکی ترانزێتی نێودەوڵەتی، چونکە کۆمپانیای وەبەرهێنەر پشت بە بارکردنی ئاسمانی لە داهاتە داراییەکانی دەبەستێت.
 
سەبارەت بە وردەکاریی هونەریی فڕۆکەخانەکە، ئەیاد ئیبراهیم رایگەیاندووە: "فڕۆکەخانەکە دوو فڕگەی دەبێت بۆ هەڵسان و نیشتنەوەی فڕۆکە بەکاردەهێنرێت، ئەوەشی فڕۆکەخانەی کەرکووک لەوانی دیکە جیادەکاتەوە گۆرەپانێکە کە جێگەی 9 فڕۆکەی قەبارە جیاوازی تێدا دەبێتەوە، جگە لەو ئامێرانەی خۆیان لە کەرەستەکانی ئاگرکوژێنەوە لەرێگەی چوار ئۆتۆمبێلی تایبەتی نوێی تەرخانکراو دەبیننەوە، هاوکات قوللەیەکی چاودێریی پێشکەوتوو، ئامێری نوێی تایبەت بە فڕین لەخۆ دەگرێت."
 
هەروەها دەڵێت: "فڕۆکەخانەکە دوو راداری نوێی تێدا دەبێت بۆ جوڵەی فڕۆکەکان لە سەرجەم پارێزگاکانی باکوور بەکاردەهێنرێن، ئامێرەکانی نیشتنەوەی ئۆتۆماتیکیی لە هەموو دۆخێکی کەشەوهەوا پێشوازیی لە فڕۆکەکان دەکات، هەروەها هۆڵێکی هەیە تایبەتە بەو کەسانەی کە عومرە دەکەن و لە یەککاتدا 500 عومرەکار لە خۆدەگرێت، جەگ لە هۆڵە سەرەکییەکەی فڕۆکەخانە."
 
یاریدەدەری بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کەرکووک، لە لێدوانەکەیدا باسی لەوەکردووە خزمەتگوزارییەکان بەدرێژایی شەو و رؤژ پیشکەشدەکرێن و سەنتەرێکی پزیشکیی تایبەت بەردەستە کە نوێترین ئامێرە پزیشکییەکانی تێدایە، ئەو کۆمپانیا ئەمنییەشی کە تایبەتە بە پاراستنی فڕۆکەخانەکە عێراقییە و ئامێری ئەمنی و کەرەستەی نوێ بۆ پاراستنی گەشتیاران بەکاردەهێنێت.
 
سەبارەت بەداهاتەکانی فڕۆکەخانەکەش، ئەیاد ئیبراهیم روونیکردووەتەوە: "سوودی دارایی یەکلاییکراوەتەوە، چونکە ئەو کۆمپانیایەی فڕۆکەخانەکە بەڕێوەدەبات لەڕێگەی وەبەرهێنانەوە دەبێت، داهاتەکان کەم دەبێت، بەڵام سوودەکە بۆ هاووڵاتی زۆر دەبێت."
 
رۆژی دووشەممە 17-10-2022، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق بە هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ناهێڵین ئەو فڕۆکەخانەیە بکرێتەوە، چونکە پێشتریش سەرۆکوەزیران داوای لە من کرد و پێمگوت، ئەوە دەروازەیەکە بۆ گەندەڵی و گەندەڵی تێدا کراوە." 
 
شاخەوان عەبدوڵڵا باسی لەوەشکرد: "ئەو فڕۆکەخانەیە لەڕووی هونەرییەوە ئامادە نییە. کەرکووک مافی خۆیەتی لەپێش هەموو پارێزگاکانی دیکەوە ببێتە خاوەنی فڕۆکەخانە، بەڵام فڕۆکەخانەیەک کە گەندەڵی تێدانەکرابێت و بەپێی دەستوور دامەزرابێت و گرفتی تەکنیکیشی نەبێت." 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی بەفری وان. وێنە و ڤیدیۆ: AA

یەکەم بەفری ساڵ لە وان باری

تەواوی رۆژ لە پارێزگای وان بەگشتی و ناوچە شاخاوییەکاندا شەپۆلێکی بەهێزی لێزمەباران باری. تەوژمێکی بەهێزی سەرما و سۆڵە روویکردە شارۆچکەی ئیپەک یۆڵو کە لە دامێنی چیای ئەرەک-ە و یەکەم بەفری ساڵ تێیدا باری.