گەنجێک لە سنووری سێمێل کوژرا و تۆمەتبارانی کوشتنی بۆ شوێنێکی نادیار هەڵاتوون

دوێنێ کاژێر 10:24
ناسر عەلی
A+ A-
 
رووداو - دهۆک

لە رووداوێکی تەقەکردندا لە کۆمەڵگەی تەناهی سەر بە قەزای سێمێل گەنجێک کوژرا و کەسێکی دیکەش بریندار بوو. سەرچاوەیەک لە پۆلیسی دهۆک رایگەیاند، بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ پێنج کەس دەرکردووە، بەڵام هێشتا دەستگیر نەکراون.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 17ی ئەیلوول، کاژێر 02:00 لە کۆمەڵگەی تەناهی سەر بە قەزای سێمێل لە رۆژئاوای شاری دهۆک، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە چەند کەسێک لە چەند کەسێکی دیکەیان داوە و چەک بەکارهاتووە، دوو گولـلە بەر گەنجێکی 27 ساڵ بەناوی عومران عەلی کەوتووە، دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە، گەنجەکە گیانی لەدەستداوە.
 
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پۆلیسی دهۆک بە رووداوی گوت، "هەردوو لایەنی شەڕەکە خزمی یەکدین، پێش سێ رۆژ دەمەقاڵە لەنێوانیان دروستبووە، شەوی رابردوو هەردوو لایەن یەکدییان بینیوە و جارێکی دیکە دەمەقاڵە لەنێوانیان دروستبووەتەوە، کاژێر 02:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە کۆمەڵگەی تەناهی، لەبەردەم ماڵی یەکێک لە دوو لایەنەکە شەڕ دروستبووە، یەکێکیان چەکی بەکارهێناوە و تەقەی کردووە، سەرەنجام گەنجێکی 27 ساڵ کوژراوە. تەرمی گەنجەکەش براوەتە دادپزیشکی دهۆک."
 
سەبارەت بە زیانەکانی دیکەی ئەو رووداوە، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، "گولـلە تەنیا بەر ئەو گەنجە کەوتووە، گەنجێکی دیکەش بریندار بووە، بەڵام بەهۆی لێدانی بۆکس بووە لە جەستەی، هیچ گولـلە بەر کەسی دیکە نەکەوتووە، بریندارەکە لە نەخۆشخانە چارەسەری بۆ کراوە و رەوشی تەندروستیی جێگیرە."
 
دکتۆر سەگڤان حەسەن، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئازادی لە دهۆک بە رووداوی گوت، بریندارەکە برینەکەی سووک بووە و دوای وەرگرتنی چارەسەر، نەخۆشخانەی جێهێشتووە.
 
لەبارەی تۆمەتبارەکانیش، ئەوەی خستەڕوو، "بڕیاری دەستگیرکردن بۆ پێنج تۆمەتبار دەرچووە، بەڵام تۆمەتبارەکان بۆ شوێنێکی نادیار هەڵاتوون و هێشتا هیچکامیان دەستگیر نەکراون."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە