رووداو دیجتاڵ
کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر رایگەیاند، وڵاتەکەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، پشتیوانی لە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات، ئاماژە بەوەش دەکات: ''پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و عێراق فراوانتر دەکەین.''
ئەمڕۆ یەکشەممە، 17-09-2023، لە هەولێر چالاکییەک لەلایەن دەرچووانی بەرنامەی سەرکردەی سەردانیکاری نێودەوڵەتی (IVLP) بەڕێوەچوو. بەرنامەکە سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایە بۆ ئاڵۆگۆڕکردنی ئەزموون و پێگەیاندنی سەرکردەی بیانی. لە چوارچێوەیەشدا، ساڵانە پێنج هەزار سەردانیکاری نێودەوڵەتی دەچنە ئەمریکا.
مارک سترۆ، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر، کە لە مانگی رابردووەوە دەستبەکاربووە، لەو چالاکییەدا گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، ''پەیوەندیی ئەمریکا و عێراق فراوان دەکەین بۆ ئەوەی تەنیا پەیوەندیێکی سەربازی نەبێت، بەڵکو بۆ ئەوەی پێکەوە هاوبەش بین لە رووبەڕووبوونەوەی بەشێک لە ئاڵنگارییە هەرە گەورەکانی کە ئەمڕۆ بەرەوڕووی وڵاتەکانمان دەبنەوە.''
مارک سترۆ ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا بواری سایبەری بە سەکۆیێک دەبینێت بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجەکانیان بۆ دڵنیابوونەوە لە چالاکبوونی عێراق لە بواری ئاسایشی ئابووری، خۆشگوزەرانی، دیموکراسیێکی کارا و خاوەن رێز بۆ مافەکانی مرۆڤ و هەبوونی کۆمەڵگەیەکی سڤیلی زیندوو و چالاک.
کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر گوتی: ''بەرەوپێشبردنی ئامانجە هاوبەشەکانمان پێویستی بە پەرەپێدانی بوارێکی سایبەری جیهانی هەیە کە تێیدا تەنیا چاوەڕێی رەفتاری بەرپرسانەی حکومەتەکان نابێت، بەڵکو هانیش دەدرێت، هەروەها بوارێک کە تێیدا رەفتاری نابەرپرسانەی حکومەتەکان دەبێتە هۆی باجی گەورە و پەراوێزخستن.''
مارک سترۆ، جەختی لەوە کردەوە ئەمریکا لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا خۆی بە سەرکردەیەکی جیهانی دەزانێت لە هەنگاونانی ئامانج بەرز و گوتیشی، ''کەشوهەوا بە خێرایی دەگۆڕێت، کە ئەوە نکوڵی لێ ناکرێت.''
وەکو رێگەچارە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، ''پێویستە هەنگاوەکانمان خێرا بکەین بۆ ئەوەی دەردانی گازە گەرمکەرەکان کەمبکەینەوە، هەروەها بۆ ئەوەی خۆمان لەگەڵ کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەواش بگونجێنین.''
بەگوتەی مارک سترۆ، عێراق و هەرێمی کوردستان رووبەڕووی کاریگەریی گەورە و خراپی گۆڕانی کەشوهەوا؛ وەکو لافاو، وشکەساڵی و شەپۆلی گەرمای بێوێنە دەبنەوە، گوتیشی: ''ئێمە دەتوانین خەڵکی سەرانسەری جیهان لە خراپترین کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بپارێزین، بەڵام ئەوە پێویستی بە هەنگاوی خواستبەرزی سەرکردەکانی جیهانەوە هەیە.''
بەبیابانبوون و وشکەساڵی کاریگەرییان خستووەتە سەر بەشێکی هەرێمی کوردستان و زیاتر لە 39٪ـی خاکی عێراق، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر لەو بارەوە گوتی: ''پشتیوانی لە سەرکردەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ ئەوەی گۆڕانکاریی پێویست بکەن لە پێناو دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی سووتەمەنییە نەریتییەکان و یارمەتیدانی جووتیاران کە خۆیان لە پاراستنی ئاو رابێنن.''
وەک مارک سترۆ گوتی، پشتیوانی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە وزە نوێبووەکاندا بکات و بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا وازهێنان لە نەوت و گاز خێراتر بکات، کە ئەوە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی دەردانی گازە گەرمکەرەکان و هەنگاوێکە دژی گۆڕانی کەشوهەوا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ