رووداو دیجیتاڵ
سبەی یەکشەممە کاژێر 8:00ی بەیانی، زانکۆلاین بۆ دەرچووانی 12ی ئامادەیی بۆ ماوەی 10 رۆژ کارا دەکرێت و وەزارەتی خوێندنی باڵاش دەڵێت: باشتر وایە خوێندکاران لەگەڵ یەکەم رۆژی کاراکردنی دەست بە پێشکێشکردن بکەن و کارەکانیان تاوەکو دوایین رۆژ دوانەخەن.
رۆژی شەممە 17-9-2022، د. ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا راگەیاند: سبەی یەکشەممە لە کاژێر 8:00ی بەیانى لە وێبسایتی (www.regayzanko.com)، زانكۆلاین تاوەکو کاژێر 12ی شەوی 27-9-2022 بۆ دەرچووانى 12ى ئامادەیى کارا دەکرێت.
بەگوتەی د. ئارام محەممەد، خوێندکاران لەو ماوەیە دەتوانن فۆڕمی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان پڕبکەنەوە و پێشکێشی بکەن، بە بەکارهێنانی هەمان ناوى بەکارهێنەر و وشەى تێپەڕ [یوزەرنەیم و پاسوۆرد] كە پێشتر له خوێندنگەکانیان وهریانگرتووە.
بۆ ئەو خوێندکارانەی کە بەرچاو روونییان بۆ سیستمەکانی وەرگرتنی (زانکۆلاین، پارالێڵ، ئێواران) نییە، وەزیری خوێندنی باڵا گوتی: ئەوانە دەتوانن لە رێگەی وێبسایتی (www.regayzanko.com) رێبەری وەرگرتن بخوێننەوە، یاخود سەردانی مەڵبەندەکانى راوێژکاریى زانکۆکان بکەن و لەوێ روونکردنەوەی پێویستیان لەسەر چۆنێتی پڕکردنەوەی فۆڕمی وەرگرتنیان دەستدەکەوێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا هۆشداریی بە خوێندکاران دەدات کە زیاتر روو لەو سەنتەرانە بکەن کە فەرمین، لەو بارەیەوە، د. ئارام محەممەد گوتی: باشتر وایە خوێندکاران خۆیان فۆڕمەکان پربکەنەوە و روو لەو سەنتەرانە نەکەن کە فەرمی نین و تەنیا بۆ دەستکەوتنى بڕێک پارە فۆڕم بۆ دەرچووان پڕدەکەنەوە، چونکە وەزارەت بەرپرس نابێت لە هەر هەڵەیەک کە لە لایەن دەرچووانەوە دەکرێت.
وەزیری خوێندنی باڵا باسی لەوەش کرد، باشتر وایە خوێندکاران لە یەکەم رۆژی کاراکردنی زانکۆلاین دەست بە پێشکێشکردن بکەن و کارەکانیان تاوەکو دوایین رۆژ دوانەخەن. دەشڵێت: "وەرگرتن لە زانکۆکان بەپێی ریزبەندی ئەو کۆلێژ و بەشانە دەبێت، کە دەرچووان لە زانکۆلاین پێشکێشی دەکەن بە رەچاوکردنی کۆنمرەی خوێندکار/ قوتابى، بۆیە پێویستە بە وردی ریزبەندی ئەو کۆلێژ و بەشانە دیاری بکەن کە ئارەزوو دەکەن خوێندنی تێدا تەواو بکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ