رووداو دیجیتاڵ
کاژێر 02:30 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە چیای زاوا لە دهۆک، ئۆتۆمبێلێک کەوتووەتە خوارەوە و بەو هۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکی دیکەش بە سەختی برینداربوو.
ئازاد تەها، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تەرمەکان گەیێندراونەتە پزیشکی دادی دهۆک، بریندارەکەش لە نەخۆشخانە لەژێر چارەسەردایە".
سەرچاوەیەک لە پزیشکی دادی دهۆک بە رووداوی گوت، "تەرمەکان هەر لە شەوی رابردوودا کاری پێویستیان بۆ کراوە و رادەستی کەسوکاریان کراونەتەوە، کە خەڵکی زاخۆ بوون و لەوێ بەخاک سپێردراون".
بە گوتەی رەمەزان زاخۆیی، یەکێک لە هاوڕێی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە، ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە ناویان دلێر مووسا و گوهدار زاخۆیی بووە، بریندارەکەش ناوی ئەیمەن خەیرەدینە، تەمەنیشیان لەنێوان 18 بۆ 20 ساڵیدایە، پێکەوە بۆ گەشتێک لە زاخۆوە چوونەتە دهۆک.
رەمەزان زاخۆیی ئاماژەی بەوەش کرد، هاوڕێکانی زووتر گەڕاونەتەوە و کە گەیشتوونەتە زاخۆ هەواڵیان پێگەیشتووە ئۆتۆمبێلی هاوڕێکانی وەرگەڕاوە.
گوتەبێژی هاتووچۆی دهۆک دەڵێت، "لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا چوار کەس لە دهۆک بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ