وەزارەتی گواستنەوە: بە 3500 پاس زیارەتکاران بێبەرامبەر دەگەیێنینە کەربەلا و نەجەف

17-08-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەسەر راسپاردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بێبەرامبەر تەواوی زیارەتکارانی خەڵکی وڵاتانی دیکە بۆ چلەی ئیمام حوسێن کە لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە دێنە هەرێمی کوردستان دەگەیێننە کەربەلا و نەجەف.
 
دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، زیارەتکارەکان جگە لە خەڵکی ئێران، خەڵکی ئازەربایجانیشیان تێدایە.
 
دوو ساڵی رابردووش وەزارەتەکە زیارەتکارانی خەڵکی دەرەوەی گەیاندووەتە کەربەلا و نەجەف. دیلان رەشاد دەڵێ، 3500 پاسیان بۆ گواستنەوەی زیارەتکاران ئامادە کردووە.
 
گەیاندنی زیارەتکاران بە دوو قۆناخە. قۆناخی یەکەم لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانەوە دەیانگەیێننە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر، دوای پشوودانیش لەوێوە دەیانگەیێننە کەربەلا و نەجەف.
 
بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا گەڕانەوەی زیارەتکارەکان دەستپێبکات. دیلان رەشاد گوتی، گەڕانەوەی زیارەتکاران لە کەربەلا و نەجەفەوە تاوەکو دەروازەی حاجی ئۆمەران هەر لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت.
 
زیاتر لە هەفتەیەکە چوونی زیارەتکارانی خەڵکی ئێران و هەندێک وڵاتی دیکە بۆ کەربەلا بە مەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە لە هەردوو دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر و باشماخ لە پارێزگای سلێمانییەوە دەستیپێکردووە.
 
بۆ پێشوازی لە زیارەتکاران لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی باڵای پێکهێناوە. مەسعود باتێلی، سەرۆکی لیژنەکە بە رووداوی گوت، لایەنی ئێرانی ئاگاداریان کردوون کە پێدەچێت 300 هەزار زیارەتکار لە حاجی ئۆمەرانەوە گەشتەکەیان بکەن.
 
لە دەروازەی حاجی ئۆمەران و هەولێر دەزگای خێرخوازی بارزانی بێبەرامبەر خواردن، چا، ئاو، شەربەت، ئەمبوڵانس بۆ هەموو زیارەتکاران دابین دەکات.
 
هەروەها دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ لە سنووری پارێزگای سلێمانی 12ـی ئەم مانگە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، پێشوازیان لە بەشێکی زیارەتکاران کردووە.
 
دەروازەکە رایگەیاند، لەسەر ئەرکی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان شوێنی پشوودان، خواردن و خواردنەوە و پاس بۆ گەیاندنی زیارەتکاران بە سلێمانی بێ بەرامبەر دابینکراوە.
 
چلەی ئیمامی حوسێن لای شیعەکان بایەخی زۆری پێدەدرێت و ئەم ساڵ دەکەوێتە 25ـی ئاب. 
 
سەیید کەمال هادیانفەڕ، سەرۆکی لیژنەی تایبەت بە رێورەسمی چلەی ئیمام حسێن لە وەزارەتی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی ئێران دەڵێت، "ئەم ساڵ بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن چوار ملیۆن و 600 هەزار هاووڵاتیمان روو لە عێراق دەکەن کە 62%یان بە رێگەی وشکانی و 38%یش لە رێگەی فڕۆکەوە گەشتەکە دەکەن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی لووتکەچیای هەڵگورد لە 30-12-2022ـی. چیای هەڵگورد بەشێکە لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس، وێنە: مەهدی فەرەج - رووداو

زانکۆی کوردستان: چیاکانی زاگرۆس کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە

جێگری سەرۆکی زانکۆی کوردستان-هەولێر دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ توێژینەوەیەکی رەسەن لەسەر چیاکانی زاگرۆس نەکراوە، گوتیشی، ''لە کۆپ29 داوامان لە چەند زانکۆی نێودەوڵەتی کردووە، سەردانی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی توێژینەوە لەسەر چیاکانی زاگرۆس بکەن.''