رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ساڵانە نزیکەی 230 دۆسیەی گەندەڵی یەکلایی دەکەنەوە و کەسانی تۆمەتبار دەدرێنە دادگە. ئاماژە بەوەش دەکات، لانیکەم 100 بەرپرسی باڵا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە.
ئەمڕۆ شەممە 17-08-2024 حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە خستنەڕووی راپۆرتی بەرنامەی چاودێریی دادگەکان کە لە هەولێر بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، "دەبێت پڕۆسەی دادگاییکردنی گەندەڵکاران خێراتر بکرێت، کە ئەوەش پێویستی بە زیادکردنی ژمارەی لێکۆڵەرانی دەستەی دەستپاکییە."
بەگشتی 20 بۆ 21 لێکۆڵەری دەستەی دەستپاکی لەسەر دوسیەی گەندەڵی لە کەرتی گشتیی هەرێمی کوردستان کار دەکەن. حاکم ئەحمەد ئەنوەر گوتی، "ئەو ژمارە لێکۆڵەرە بۆ کەرتێکی گشتی بە زیاتر لە 800 هەزار کارمەندەوە نەک تەنیا کەمە، بەڵکو دەبێت لانیکەم 3 هێندە ژمارەکە زیاد بکرێت، بۆئەوەی دەستەی دەستپاکی بتوانێت لە هەموو ئیدارە سەربەخۆکان و شوێنەکان کار بکات."
سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، "ساڵانە بەدواداچوون بۆ 200 تاوەکو 230 دۆسیەی تایبەت بە گەندەڵی دەکرێت و رەوانەی دادگەکان دەکرێن، کە بەراورد بە ژمارەی کەمی لێکۆڵەرانی دەستەی دەستپاکی رێژەیەکی باشە."
دەستەی دەستپاکی بە هاوکاری ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان بەدواداچوون بۆ دۆسیەی گەندەڵیی کارمەندان و بەرپرسانی حکومەت دەکات، بەڵام زۆر جار رەخنەی ئەوەیان لێ دەگیرێت کە لە نێو سزادراوانی گەندەڵیدا ناوی هیچ بەرپرسێکی باڵای هەرێمی کوردستان نابینرێت. حاکم ئەحمەد لەوبارەوە دەڵێت، "لێکۆڵینەوە لەگەڵ سەروو 100 بەرپرسی باڵا [لەسەر دۆسیەی گەندەڵی] کراوە و ژمارەیەکیشیان رەوانەی دادگەکان کراون."
سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، "سزادانی گەندەڵکاران ئەرکی ئێمە نییە، بەڵام ئەوەی کە تێبینی دەکەین، پڕۆسەی راگرتنی جێبەجێکردنی سزاکانیانە کە بۆ رای گشتی ناڕوونە."
بەگوێرەی راپۆرتی دەستەی دەستپاکی، لەنێوان ساڵانی 2017 و 2022 لەلایەن دادوەرانی لێکۆڵینەوەی دەستپاکییەوە لێکۆڵینەوە لە 72 پلە باڵا و پلە تایبەت لە هەرێمی کوردستان کراوە کە شەشیان وەزیر، یەک سەرۆکی دەستە، شەش بریکاری وەزیر، پێنج راوێژکار، یەک ئەندامی پەرلەمان، 34 بەڕێوەبەری گشتی، چوار سەرۆکی فەرمانگە، یەک پارێزگار، پێنج قایمقام و هەشت ئەندامی ئەنجوومەن بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ