تەڵعەت تاهیر لەبارەی تەڵعەت تاهیرەوە روونکردنەوە دەدات

17-08-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یاریدەدەری راگری کۆلێژی زمانی زانکۆی سەلاحەدین روونکردنەوە لەبارەی ناوی خۆی و شاعیری دیاری کورد تەڵعەت تاهیر دەدات و دەڵێت: "با خەڵک لێی تێکنەچێت، ئێمە دوو کەسی جیاوازین و بۆچوونمان جیاوازە."
 
رۆژی چوارشەممە، تەڵعەت تاهیر، یاریدەدەری راگری کۆلێژی زمانی زانکۆی سەلاحەدین، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تەڵعەت تاهیری کەڵە شاعیری کورد هاوڕێ و دۆستی نزیکمە، بەڵام ئێمە دوو کەسی جیاوازین و هەردووکمان ناومان تەڵعەت تاهیرە، بۆ با خەڵک لەیەکمان جیا بکاتەوە، من روونکردنەوەیەکم لەوبارەیەوە نووسیوە، چونکە من خاوەنی ئایدۆلۆژیای خۆمم و ئەندامی حیزبێکم و بیروباوەڕم رەنگە لەگەڵ تەڵعەت تاهیری شاعیر جیاواز بێت، جگە لەوەش رەنگە بەهۆی بۆچوونەکانمەوە هێرش بکرێتە سەر مامۆستا تەڵعەت تاهیری شاعیر بەتایبەت لەلایەن ئیسلامی سیاسییەوە، بۆیە بەباشم زانی روونکردنەوە بدەم."
 
یاریدەدەری راگری کۆلێژی زمانی زانکۆی سەلاحەدین، کە ناوەکەی لە ناوی تەڵعەت تاهیری شاعیر دەچێت، ئەمڕۆ چوارشەممە  روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە: "نووسەر و شاعیری گەورەی کورد 'تەڵعەت تاهیر' ناوی هاوشێوی ناوی منە؛ لەگەڵ ئەوەی هاوڕێ و مامۆستای خۆشەویستمە لێرەوە رایدەگەیێنم کە ئێمە هەر یەکەو خاوەنی پیشە، دونیابینی و رای جیاوازین و کەسانێک هەندێجار بەهەڵە ناو و وێنەی ناوبراو لەسەر بابەتەکانی من دادەنێن و بڵاوی دەکەنەوە کە رەنگە لەگەڵ جیهانبینی تەڵعەت تاهیری شاعیر نەگونجێت بۆیە داواکارم کە وردتر و دەقیقتر بن لە دانانی ناو و وێنەکان."
 
لێکچوونی ناوەکان لە هەرێمی کوردستان چەند جارێکە لە سۆشیاڵ میدیا کێشە بۆ کەسەکان دروست دەکات، زۆر جار ئەو کەسانە یەکێکیان دەبنە قوربانیی هێرش و پەلاماری ئەو خەڵکانەی کە کەسەکان لەیەکدی جیاناکەوە، لە رابردوو بوونی دوو مەریوان هەڵەبجەیی بە نموونە وایکرد کێشە بۆ یەکێکیان دروست ببێت و ناچار بوو روونکردنەوە بدات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە