وەزارەتی کشتوکاڵ: ئەم ساڵ 7000 تۆن بنەتۆو بە شێوەی پاڵپشتی دەدەینە جووتیاران

17-07-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێک لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەم ساڵ بە پشتیوانیی کەرتی تایبەت 7000 تۆن بنەتۆو بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان بە شێوەی پاڵپشتی دابین دەکەن.
 
سەرەتای ئەم مانگە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رایگەیاند، "پاڵپشت بە نووسراوی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ژمارە 812 لە 27-06-2024، بڕیاردرا بە کڕینەوەی بنەتۆوی گەنمی جووتیاران لەلایەن هەردوو کۆمپانیای خۆشناو و قەیوان بە نرخی 860 هەزار دینار بۆ پلەی باوەڕپێکراو و 885 هەزار دینار بۆ پلەی تۆمارکراو بۆ هەر تۆنێک."
 
زانا محەممەد، ئەندامی لیژنەی باڵای تۆماری بنەتۆو لە وەزارەتی ‏كشتوكاڵ ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو بەرهەمەی دەکڕدرێتەوە بە پاککردنەوە رێکارەکانی دیکەوە هەر تۆنێکی نزیکەی ملیۆنێک دینار لە سەر حکومەت دەکەوێت، بەڵام تۆنی بە 500 بۆ 550 هەزار دینار دەدرێتەوە بە جووتیاران.
 
زانا محەممەد ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان کارئاسانی بۆ هێنانی بنەتۆو بە گوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ دەکات و کۆمپانیا "بچووکەکان" دەتوانن تاوەکو 20 هەزار تۆن هاوردە بکەن.
 
لە هەرێمی کوردستاندا ساڵانە زیاتر لە 120 هەزار تۆن گەنمی بنەتۆو دەچێندرێت. بە گوتەی زانا محەممەد، لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە نزیکەی 50 هەزار تۆن گەنمی بنەتۆو پێویستە و ئەوی دیکەش لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک دەچێندرێت.
 
لەبارەی ئەو بۆشاییەی لە کەمی بنەتۆو دروست دەبێت، ئەو ئەندامەی لیژنەی باڵای تۆماری بنەتۆو لە وەزارەتی ‏كشتوكاڵ گوتی، بەشێکی جووتیاران ساڵانە خۆیان بنەتۆو بۆ خۆیان بەرهەم دەهێنن و چەند کۆمپانیایەکی نێوخۆییش گەنمی بنەتۆو ئامادە دەکەن.
 
بەگوێرەی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی گەنم لە هەرێمی کوردستان ساڵانە زیاتر لە یەک ملیۆن تۆنە. ئەم ساڵ بەگوێرەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەردەگرێتەوە و بۆ هەر تۆنێک 850 هەزار دینار دەداتە جووتیاران.
 
بەپێی دابەشکاریی وەرگرتنی گەنم لەو بڕەی بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار و 660 تۆن وەردەگیرێت، لە پارێزگای هەولێر 228 هەزار تۆن و لە پارێزگای دهۆک 189 هەزار تۆن وەردەگیرێت.
 
ساڵی رابردوو 500 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەرگیرا. ساڵی 2022 بەهۆی وشكەساڵی و کەم بارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێ سنوور گەنمەکەی وەرگرت، کە زیاتر لە 300 هەزار تۆن بوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی لووتکەچیای هەڵگورد لە 30-12-2022ـی. چیای هەڵگورد بەشێکە لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس، وێنە: مەهدی فەرەج - رووداو

زانکۆی کوردستان: چیاکانی زاگرۆس کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە

جێگری سەرۆکی زانکۆی کوردستان-هەولێر دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ توێژینەوەیەکی رەسەن لەسەر چیاکانی زاگرۆس نەکراوە، گوتیشی، ''لە کۆپ29 داوامان لە چەند زانکۆی نێودەوڵەتی کردووە، سەردانی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی توێژینەوە لەسەر چیاکانی زاگرۆس بکەن.''