میدیای فەرمیی تورکیا: بەرپرسێکی باڵای پەکەکە لە چیای گارە کرایە ئامانج

17-07-2022
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو - هەولێر 

میدیای فەرمیی تورکیا بە پشتبەستن بە زانیاریی سەرچاوە ئەمنییە باڵاکانی ئەو وڵاتە بڵاویکردەوە، تیمی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی میت بە هاوئاهەنگیی سوپای تورکیا، بەرپرسێکی باڵای پەکەکەیان لە چیای گارە لە خاکی هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج. 
 
بەگوێرەی ئەو هەواڵەی میدیای فەرمیی تورکیا بڵاویکردەوە، میت زانیاریی هەبووە لە کۆبوونەوەیەکی نهێنیی چەند بەرپرسێکی پەکەکە و هاتنی شاندێکی باڵای پەکەکە لە قەندیلەوە بۆ چیای گارە. 
 
وەک لە هەواڵەکەدا هاتووە، لەگەڵ دەستپێکردنی کۆبوونەوەی بەرپرسانی پەکەکە، تیمی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی میت بەهاوئاهەنگیی لەگەڵ سوپای تورکیا و لە رێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە، دوو مووشەکی ئاراستەی شوێنی کۆبوونەوەکە کرد. لە ئەنجامدا کەسێک بەناوی عیزەددین ئینان، ناسراو بە "دێرسیم ماڵاتیا" کە بەرپرسی ئەکادیمیاکانی ئاپۆلۆ بۆ پێگەیاندنی گەریلا و ئەندامی ئەنجوومەنی پەکەکە/هەپەگە بووە و چالاکییە چەکدارییەکانی پەکەکەی بەڕێوەدەبرد لە ناوچەی دهۆک-گارە لە خاکی هەرێمی کوردستان و چەند گەریلایەکی دیکە، کرانە ئامانج. 
 
دێرسیم ماڵاتیا لە لیستی سووری داواکراوانی پەکەکەدا بووە. لە ساڵی 1992ـەوە پەیوەندیی بە پەکەکە کردووە و لە قەندیل و رۆژئاوا و باکوور ئەرک و بەرپرسیارێتیی هەبووە. لەدوای خەڵەف عەلی محەممەد ناسراو بە "سۆفی نورەددین" بووەتە بەرپرسی ئەکادیمیاکانی ئاپۆڵۆ بۆ پێگەیاندنی کادیری پەکەکە لە رووی ئایدۆلۆژیا و گەریلا لە رووی سەربازییەوە. 
 
تاوەکو ئێستا هێزەکانی پاراستنی گەل "هەپەگە" گیانلەدەستدانی ئەم بەرپرسەی پەکەکەی پشتڕاست نەکردووەتەوە. 
 
بەرەبەیانیی رۆژی 18ـی نیسانی 2022، ئۆپەراسیۆنی چنگ - قوفڵ لەلایەن سوپای تورکیا لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان لە دژی پەکەکە دەستیپێکرد. وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 308 گەریلا و کوژرانی 38 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە. لە بەرامبەردا هەپەگە کوژرانی 1528 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 72 گەریلا راگەیاندووە.   

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

10-11-2024 2

فەهمی بورهان: لە حەوت ساڵدا زیاتر لە 600 هەزار عەرەب براونەتە کەرکووک

سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان دەڵێت، لە سەرژمێریدا ژمارەیەک مەترسی بۆ کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان هەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، 600 هەزار عەرەب براونەتە کەرکووک و 62 هەزار خێزانی کوردی ئێزدیش لە دەرەوەی شنگال دەژین.