رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئاماری لایەنی پەیوەندیدار بۆ رووداو، دوێنێ 75 هەزار گەشتیار سەردانی هاوینەهەوارەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەیان کردووە.
ئارام شوانی، گوتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە 17-06-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تەنیا دوێنێ 75 هەزار گەشتیار چوونەتە پارێزگای سلێمانی و لەوێوە بەشێکیان چوونەتە پارێزگای هەڵەبجە.
ناوچە گەشتیارییەکانی دەڤەری هەورامان لە وەرزی هاویندا سەتان هەزار گەشتیار سەردانیان دەکەن، کە دەکەونە سنووری پارێزگای هەڵەبجە.
هەورامان جەلال، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی گەشتوگوزاری هەڵەبجە ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوێنێ 15 هەزار گەشتیار هاتوونەتە سنوورەکەمان. ئامارەکان دڵخۆشکەرن و هەموو ئامادەکارییەکیش بۆ پێشوازی لە گەشتیاران کراوە."
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی گەشتوگوزاری هەڵەبجە دەڵێت، پێشبینی دەکەن ئەمڕۆ و رۆژانی داهاتووی جەژن ژمارەی گەشتیاران لە دوێنێ زیاتر بێت. گوتیشی، "پێشبینییەکەمان بەو جۆرەیە، سەردانی گەشتیاران بۆ سنوورەکەمان لە پار زیاتر بێت."
لە سنووری قەزای دووکانیش جگە لە دەریاچە و بەنداوی قەزاکە، چەند هاوینەهەوارێک هەن. رێژین رەئووف، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دووكان ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، "لە چوار رۆژی رابردوودا تاوەکو ئێوارەی دوێنێ لەنێوان 25 بۆ 30 هەزار گەشتیار سەردانی هاوینە هەوارەکانی ئەم سنوورەیان کردووە."
ئاماری سەردانی گەشتیاران بۆ پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک بڵاونەکراوەتەوە. بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، دوای پشووەکانی جەژن ئەو دوو پارێزگایە بە فەرمی ئاماری گەشتیاران بڵاودەکەنەوە.
بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیارانی وەرزی گەرما بەگشتی و جەژنی قوربان بەتایبەت، دەستەی گەشتوگوزار لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانەوە لیژنەی جیاوازی پێکهێناوە. بە گوتەی ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەکە بۆ رووداو، پێشبینی دەکرێت ئەم جەژنە 300 هەزار گەشتیار بێنە هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، جەژنی رەمەزان زیاتر لە 203 هەزار گەشتیار هاتبوونە هەرێمی کوردستان.
بەپێی ئاماری دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو 7 ملیۆن و 279 هەزار و 913 گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە؛ هاوکات زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار سەردانیکار وەکو گەشتیاریی نێوخۆیی تۆمار کراون.
هەر بەگوێری دەستەی گەشتوگوزار، لە ساڵی 2022شدا شەش ملیۆن و 35 هەزار و 57 کەس؛ ساڵی 2021یش چوار ملیۆن و 189 هەزار و 596 گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 2500 شوێن بەناونیشانی بنکەی گەشتیاری تۆمار کراون، کە زۆرینەیان هۆتێل، رێستۆرانت و کافتریان.
ئەو شوێنانەی وەکو بنکەی گەشتیاری تۆمار کراون:
- 468 هوتێل
- 267 موتێل
- 33 کۆمەڵگەی گەشتیاری
- 20 گوندی گەشتیاری
- ژمارەی قەرەوێڵە: 63 هەزار و 682
- 524 چێشتخانە - رێستۆرانت
- 657 کافتریا
- 518 کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ