ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان: بەشێکی گرفتەکانی کەمئاوی چارەسەرکراون

17-06-2023
پەیمان محەممەد
 ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات
نیشانەکردن ئاو رۆژئاوای کوردستان [
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "لە بواری ئاسایشی ئاوەوە باشین و بەشێک لە گرفتەکانی کەمئاوی چارەسەر کراون"؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بەرەنگاربوونەوەی کەمئاوی، پێویستی بە دروستکردنی پۆند، بەنداو و گلدانەوەی زیاتری ئاوە.
 
رۆژی شەممە 17-06-2023، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، ''تاوەکو ئێستا لە بواری ئاسایشی ئاوەوە زۆر باشین، لەبەرئەوەی کێشە و گرفتەکان کەمن، بەڵام لە ساڵانی 2040 یان 2045، لەوانەیە زۆربەی رووبارەکان وەکو دیجلە و فورات لەژێر کاریگەریی وشکەساڵی وشک ببن، کە لە ئێستاشەوە ئاستی ئاویان دابەزیوە".
 
ساڵانە هەرێمی کوردستان لە وەرزی هاویندا تووشی کەمئاوی دەبێت، ئەوەش زیان بە کەرتی کشتوکاڵی و ئاسایشی خۆراکی هاونیشتمانییان دەگەیێنێت. ئاری ئەحمەد لەوبارەوە دەڵێت، ئەو کێشە و گرفتانەی ساڵانی رابردوو هەبوون، بەشێکی زۆریان چارەسەر کراون و گوتی، ''بێگومان ئەوانەش کە چارەسەر نەکراون، پلانیان بۆ دانراوە، داوای بودجە کراوە و، کاریان لەسەر دەکرێت''.
 
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات "لەبری ئەو بیرانەی بەهۆی کەمئاوییەوە وشک بوون، بیری دیکە لێدراوە؛ ئەو بیرانەی پێویستییان بە قووڵترکردنە، زیاتر قووڵکراون بۆ ئەوەی ئاوێکی زیاتریان هەبێت؛ هەروەها تۆڕەکانی ئاویش نۆژەنکراونەتەوە".
 
ئاری ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، چارەسەری ستراتیژیی کەمئاوی لە هەر شارێک بریتییە لە گۆڕینی سەرچاوە لاواز و کاتییەکان و دروستکردنی وێستگەی پاڵاوتنی ئاو.
 
بە هەر سێ پڕۆژەی ئاوی ئیفراز یەک، دوو و سێی شاری هەولێر، لە کاژێرێکدا 13 هەزار مەتر سێجا ئاو  بۆ ئەو شارە دابین دەکرێت؛ هەروەها لە رێگەی 1240 بیرەوە 13 هەزار مەتر سێجای دیکە ئاو بۆ شاری هەولێر دابین دەکرێت.

 

بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، لە هەندێک ناوچەی شاری هەولێر، لە ساڵی 1986وە تاوەکو ئێستا، ئاستی ئاوی ژێر زەوی نزیکەی 400 مەتر دابەزیوە.
 
لە سنووری هەولێر 28 پۆند یان بەنداوی بچووک دروست کراون؛ 22ـی دیکەش کاریان لەسەر دەکرێت؛ هەروەها 14 بۆ 17 بەنداو لە سنووری هەرێمی کوردستان دروستکراون و نزیکەی 13 بەنداوی دیکەش لە قۆناخی کۆتایی نزیکن.

 

ئاری ئەحمەد پێیوایە، دروستکردنی پۆند، بەنداوی بچووک و گەورە، کاریگەری لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی، کوالێتی و ئاسایشی ئاو هەیە، ئەوە لەکاتێکدایە بڕێکی کەم لە ئاوی باران گلدەدرێتەوە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان گوتی، حکومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی کەمئاوی و هەوڵدان بۆ گلدانەوەی ئاو، پلانی گەورەی هەیە و لەگەڵ عێراقیش هاوئاهەنگیی باشیان هەیە، بەڵام جێبەجێنەکردنی پڕۆژەکان پەیوەستە بە نەبوونی بودجەوە.
 
"لەماوەی 10 رۆژدا تەندەرینگی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ رادەگەیەنرێت"
 
ماوەیەکە کێشەی کەمئاوی بەرۆکی دانیشتووانی چەمچەماڵی گرتووەتەوە، بە جۆرێک کە زیاتر لە 50 بیری ئەو قەزایە وشکبوون و زیاتر لە 30 مەتریش ئاستی ئاوی ژێرزەوی بەراورد بە ساڵی 2020 دابەزیوە.
 
رۆژی 12ـی نیسانی 2022، لە نووسراوێکدا کە واژۆی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی لەسەر بوو، هاتبوو، "بە رەزامەندیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕی 70 ملیۆن و 45 هەزار دۆلار بۆ پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ تەرخانکرا".
 
پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ بە پڕۆژەیەکی ستراتیژی بۆ چارسەری کێشەی کەمئاویی ئەو ناوچەیە هەژمار دەکرێت. بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان لەوبارەوە گوتی، ''لە ماوەیەکی نزیکدا بەتەندەرکردنی پڕۆژەکە دەستپێدەکات؛ سەرجەم کارەکانی تەواو بوون و لە ماوەی 10 رۆژی دیکەدا رادەگەیێنرێت''.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سۆران عومەر و وەزارەتی دارایی

وەزارەتی دارایی وەڵامی سۆران عومەر دەداتەوە؛ "ماوەیەکە ئیشی خۆی لە بیر کردووە"

دوای ئەوەی سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق حکومەتی هەرێمی کوردستانی تۆمەتبار کرد بەوەی، پارەی تیمەکانی تەندروستیی کوتانی سوورێژەی نەداوە، وەزارەتی دارایی دەڵێت، "ماوەیەکە ئیشی خۆی لەبیرکردووە و هەرجارەی قسە لەسەر چەند بابەتێکی ژمێریاری و دارایی دەکات".